بەغدا - INA
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 2024/1/14 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەردەوامیی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، لە دیدارێكدا لەگەڵ سەید عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی نیشتمانیی حیكمە، دەربارەی كێشەكانی هەولێر و بەغدا و گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆی نێوانیان بۆ لێكگەیشتن و چارەسەری، بیروڕایان گۆڕییەوە.
لەراگەیاندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم كە بەدەست ئاژانسی هەوابَی عێراق (INA) گەیشتووە وتیایدا هاتووە : هەردوولا هاوڕا بوون كە دەبێ كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن و ماف و شایستەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق پارێزراو بن، هەروەها هاووڵاتییان بە قووت و گوزەرانی خۆیان، باجی كێشە سیاسییەكان نەدەن.
دەربارەی كێشەكان و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە، هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێ بەرژەوەندیی باڵا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات بەر لە هەموو شتێك بێ و بە هیچ شێوەیەك عێراق نەبێتە بەشێكی كێشە و ئاڵۆزییەكان.
دۆخی سیاسیی وڵات و گرنگیی پشتگیری لە بەرنامەی كاری حكوومەتی عێراقی فیدرالی و سەرخستنی، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.