بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، خالید شوانی وەزیری داد سەردانی زیندانی ناوەندی بەغدادی كردو رێنمایی دا سیستەمی چاودێری پەرەی پێبدرێت.
وەزارەت لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: خالید شوانی وەزیری داد سەردانێكی لەناكاوی بۆ زیندانی ناوەندی بەغدا ئەنجامدا، بە یاوەری ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتار عەبدولكەریم عەبتان جبوری، بۆ پێداچوونەوە بە ڕێكارەكانی زیندان و ڕادەی جێبەجێكردنی پێوەرەكانی مافی مرۆڤ بۆ دیاریكردنی بارودۆخی زیندانییەكان.
بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە: وەزیر ڕێنمایی نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەیەكی تایبەتی كردووە بۆ چارەسەركردنی حاڵەتەكانی ئالوودەبوون بۆ بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان، هەروەها فەرمانی نۆژەنكردنەوەی ناوچەی ڕوبەڕوبوونەوە بۆ خێزانی زیندانییەكان بە زووترین كات دەركردووە، هەروەها ڕێنماییشی كرد كە ڕێگە بە هاتنە ژوورەوەی كتێب و گۆڤارەكان بدرێت تەنها پێشێلكاریی نەزمی گشتی نەبن لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاكسازی، هەروەها گرنگی بە لایەنی ڕۆشنبیری بدرێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری لای زیندانیان، ئەمە جگە لە ئامادەكردنی هەموو پێداویستییە پزیشكییەكان و پێداویستییە تەندروستی و خزمەتگوزارییەكان .
رونیشیكردەوە: لە میانەی گەشتەكەیدا بۆ هۆڵەكانی زیندان، شوانی چاوی بە ژمارەیەك زیندانی كەوتووە و بە تایبەتی گوێی لە سكاڵا و داواكارییەكانیان گرتووە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، كە شوانی جەختی لە زیادكردنی قەڵا ئەمنییەكانی زیندانەكە و پەرەپێدانی سیستەمی چاودێری كردەوە، هەروەها ڕێنمایی زیندانەكەی كردووە لەگەڵ مەفرەزەیەكی K9 ڕەوانەی بكرێت بۆ زیادكردنی كۆنترۆڵی هاتنە ژوورەوەی كەلوپەلی قاچاخ.