بەغدا –INA
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی،دووپاتیكردەوە كە بەڕێوەبەری گشتی ئەسڵی پارێزبەندی نییە و لەكاتێكدا ئاماژەی بەوەدا كە هەڵسەنگاندنەكە هەمووان دەگرێتەوە، هیوای خۆی دەربڕی كە بەڕێوەبەرە گشتییە نوێیەكان بەپێی دیدگای نیشتمانی كاربكەن بۆ هەموو عێراقییەكان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیندراوێیكدا كە بەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی گەیشتووە تێیدا هاتووە: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی كرد لەو بەڕێوەبەرە گشتییە نوێیانەی كە لەم دواییانەدا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەنگیان لەسەر درا.
هەروەها لە راگەیندراوەكە ئەوەیش هاتووە كەلە میانەی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەكرد كە دەنگدانی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە ژێر كاریگەری سیاسیدا نەبووە، بەڵكو لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئەو لیژنانە بووە كە پشتیان بە ستانداردی پیشەیی و زانستی بەستووە و جەختی لەوە كردەوە كە هیچ لایەنێك ناتوانێت بیانپارێزێت ئەگەر كەم تەرخەم بن لە ڕاپەڕاندنی كارەكانیان و نەتوانن ئەركەكانیان بە پێی پێویست جێبەجێ بكەن.
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیدا بن كە پێیان سپێردراوە و خزمەتكردنی هاووڵاتی بخەنە سەرووی ئەولەویەتەكانی كارەكانیانەوە و هەرگیز ئەم لایەنە پشتگوێ نەخەن.
هەر بە پێی راگەیندراوەكە ئەوەیش هاتووە كە سودامی دووپاتی كردەوە كە بەڕێوەبەرە گشتییە نوێیەكان ڕووبەڕووی پرۆسەیەكی هەڵسەنگاندنی بەردەوام دەبنەوە، ئەمەش پێویستی بەوەیە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان و كاریگەر بن و توانای بڕیاردانیان هەبێت، بەشێوەیەك پشتگیری لە كار و پلانەكانی وەزارەتەكانیان بكات و ئاستی جێبەجێكردن و خزمەتگوزارییەكانیان باشتر بكات.