هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆك وەزیران قوباد تاڵەبانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجامی سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایە ڕوو، كە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێشكەش بە حكومەتی فیدراڵ كراوە.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانوستانكاری هەرێم بۆ هەوڵەكانیان لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی زانیاریی پێویست و واڵاكردنی تۆمارەكانی دامەزراوەكانی هەرێم بۆ دەستە هاوبەشەكانی دیوانی چاودێری لە بواری میلاكی وەزیفی و نەوت و داهات و خەرجییە نەوتی و نانەوتییەكان، لە هەمان كاتدا ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی دەربڕی لە بەرامبەر تێگەیشتنەكانی ئەم دواییەی حكومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەكان بە ئاڕاستەی هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو كۆت و بەندانەی یاساكە، كە ڕێگرن لە بەرامبەر خەرجكردنی بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش مووچە كە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێكەڵی كێشە و بابەتەكانی دیكە نەكرێت.
سەبارەت بە شایستە دواكەوتووەكانی موچەی موچەخۆرانیش، ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەكات كە حكومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارییەتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو موچانە و چاوەڕوانیشمان لە حكومەتی فیدڕاڵە كە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، موچەی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات، لەم ڕووەوە بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەكانی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەكایەی ڕێككەوتنێكی گشتگیر، بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتیی بابەتی موچە و بەرجەستەكردنی ئەم ڕێككەوتنە لەناو هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ. ئەوەی لەسەر هەرێمی كوردستانیش بووە وەك پابەندییەكانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگی و هاوكاری بۆ ئەم مەبەستە.
لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕێكاری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان تایبەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دەستنیشانكردنی قەدەخەكراویی ڕێگە گشتییەكان بۆ لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر ڕێگە و شەقام و شوێنە گشتییەكان كرا كە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەكانەوە خرایەڕوو.
سەرەتا سەرۆك وەزیران وێڕای ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ پاراستنی ڕێگە و شەقام و شوێنە گشتییەكان وەك موڵكی گشتی لە هەر زێدەڕۆییەك كە زیان بە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان بگەیەنێت بەگوێرەی ئەو ڕێكار و میكانیزمانەی لەناو یاسای پاراستنی ڕێگە گشتییەكان هاتوون، لە هەمان كاتدا داواشی كرد لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ زێدەڕۆییەكان بكرێت، لەم ڕووەوە ئەنجومەنی وەزیران، دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد موڵكی گشتی و ڕێگە و شەقامەكان لە هەر زێدەڕۆییەك بپارێزن كە دژ بە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانە.
كهشناسی: لهههفتهی داهاتوو باران دهبارێت