بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پلاندانان رێكارەكانی خۆی ئاشكراكرد، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی فەرمانبەران لە دامودەزگاكانی دەوڵەت و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەدای كاركردن، هاوكات تەئكیدی لە ڕاهێنانی 600 فەرمانبەر لە دامودەزگاكانی دەوڵەت كردەوە.
وتەبێژی وەزارەت عەبدولزەهرا هنداوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: وەزارەت لەڕێگەی سەنتەری نیشتمانی گەشەپێدانی كارگێڕی و تەكنەلۆجیای زانیاری، كاری كرد بۆ ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان بۆ بەرزكردنەوەی كارایی فەرمانبەران لە دامودەزگاكانی دەوڵەت، بەتایبەتی سەركردایەتی باڵا بە نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرە گشتییەكان و بریكاری وەزارەتەكان.
هنداوی جەختیكردەوە: كە دەیان خولی ڕاهێنان بەڕێوەچوو كە تێیدا سەدان بەڕێوەبەری گشتی لە دامەزراوە جۆراوجۆرەكانی دەوڵەت بەشدارییان كرد، ژمارەی بەشداربووانی ئەو خولانە لە 600 فێرخوازی تێپەڕاند، و وتیشی: خولەكان چەندین بواریان لەخۆگرتبوو، لەوانە بەڕێوەبردنی دامەزراوەیی، بوارە یاسایی و داراییەكان، هەروەها بواری ئەتەكێت و پرۆتۆكۆڵ و پەرەپێدانی لێهاتوویی.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم جۆرە خولانە لەماوەی ئەمساڵدا بەردەوام دەبن بەمەبەستی تەواوكردنی ڕاهێنانی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە دامەزراوەكاندا، ئەمە جگە لە ڕاهێنانی كادرە ناوەندەكانی وەك سەرۆكی بەشەكان، سەرپەرشتیاران، و فەرمانبەرانی كارگێڕی.
راشیگەیاند: ئەم ڕێوشوێنانە ئامانجیان بەرزكردنەوەی بەرهەمی فەرمانبەرانە لە وەزارەتەكانی دەوڵەت و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەدای كاركردن بەمەبەستی گەیشتن بە بەڕێوەبردنی عەقڵانی لەناو دامەزراوەكان و هاوسەنگبوون لەگەڵ ئەو پێشكەوتنەی جیهان شاهیدییە لە بواری بەڕێوەبردن و چاودێریكردندا.