مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەکات

سیاسی
  • 9-01-2024, 21:10
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
    ئه‌مڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ جەنەراڵ جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
    نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، راگه‌یاندووه‌" له کۆبوونەوەکەدا کە مارک سترۆ، کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا ئاڵوگۆڕ کرا.
    پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان، بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوە بوو. هەردوولا جەختییان لە گرنگیی بەردەوامبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەرکەکانی خۆیان کردەوە لەپێناو هاوکاریکردنی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
    پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و خێراکردنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.