قوباد تاڵەبانی: هەوڵی جدی هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق

سیاسی
  • 9-01-2024, 19:08
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
    قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان بەسەرۆکایەتی کڵاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق کۆبووەوە و پێکەوە باسی چەند پرسێکی جێگەی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.
    نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، راگه‌یاندووه‌" لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کەئه‌مڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوو، گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و لەناویشیاندا کێشەی بودجەی هەرێمی کوردستان.
    لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی دواین گۆڕانکارییەکانی بۆ وەفدی میوان روون کردەوە و رایگەیاند؛ وەفدی هەرێم لە دواین سەردانیدا بۆ بەغدا گفتوگۆی باش و ئەرێنییان کردوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەوڵی جدیش هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە.
    وتیشی: لەم قۆناغەدا پێویستە حکومەتی هەرێم و هەموو لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە گفتوگۆی جدی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بکەن تا یاسای بودجە بە شێوەیەک هەموار بکرێتەوە کە کێشەی موچەی فەرمانبەران و بەشە بودجەی هەرێم بە یەکجاری چارەسەر بکات.
    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکان کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە؛ دەبێت بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکاندا رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵک بگیرێت و هاوکاتیش نابێت هەوڵی پەراوێزخستنی هیچ لایەن و پێکهاتەیەک بدرێت.
    سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن  بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد کە جێی رەزامەندی هەمووان بێت و مافی هەموو لایەک و لەناویشیاندا پێکهاتەکان پارێزراوبێت.
    لە دواین تەوەری کۆبوونەوەکەشدا باسی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دۆخی سیاسی عێراق کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە عێراقییەکان هەستیاری دۆخەکە لەبەرچاو بگرن و بە گرتنەبەری سیاسەتی حەکیمانە خۆیان بەدوور بگرن لە هەر جۆرە هەڵوێست و هەنگاوێک کە سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە.