هه‌ولێرـINA
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌جه‌نه‌راڵ جۆوڵ ڤاوڵ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه، راگه‌یاندووه" له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا هاریکاریی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر و له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش، يارمه‌تيدانى سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه به مه‌شق و ڕاهێنان و ڕاوێژى سه‌ربازى، هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر له عێراق و سووريا و له ناوچه‌كه به‌گشتى، تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له پاراستنی هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و نێرده ديپلۆماتييه‌كان له عێراق كرده‌وه و هاوڕا بوون كه سه‌قامگيريى عێراق بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه پێويسته و ده‌بێ هيچ ده‌رفه‌ت نه‌درێت تيرۆر سه‌رهه‌ڵبداته‌وه، هه‌روه‌ها باسیان له هێرشه درۆنييه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان کرد.
دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان، يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه، ئاڵۆزييه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و شه‌ڕ له غه‌ززه و كاريگه‌رييه‌كانى له‌سه‌ر ناوچه‌كه و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه ژماره‌يه‌ك له ديپلۆماتكاران و به‌رپرسانى سه‌ربازى، ئاماده‌ى بوون.