هەولێر - INA
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیاندراوێكیدا كە بەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA) گەیشتووە وتیایداهاتووە : لە كۆبوونەوەی راگەیاندنی هاكاسۆنی سەكۆی سمارت سولی (Smart Suli city solutions Hakathon ) كە لەشاری سلێمانی و بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە شارەزایانی بواری تەكنەلۆژیا و پسپۆڕان و بەڕێوەبەرانی تەندروستی سلێمانی بەڕێوەچوو چەندین تێبینی و پێشنیاز بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەت و داتا و زانیارییەكان و دەوڵەمەندتركردنی سەكۆی سمارت سولی خرانەڕوو، كەیەكەمین چالاكی تایبەت كرا بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانی سیستمی تەندروستی لە شاری سلێمانی.
دوای روونكردنەوەی كێشەكانی سیستمەكە لەلایەن دكتۆر عەبدولفەتاح حەمەڕەحیم هەورامییەوە، بەشداربووانی هاكەسۆنەكە بەسەر چەندین گروپ دابەش كران تا لە ماوەی 10 رۆژدا پڕۆژەكانی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی تەندروستی سلێمانی پێشكەش بكەن، دواتر و لەلایەن لیژنەی دادوەرانەوە چوار پڕۆژە دەستنیشان دەكرێن بۆ بەشداریكردن لەپێشبڕكێی كۆتایی كە بڕیارە رۆژی 25 ئەم مانگە لە چوارچێوەی كۆڕبەندێكی نێودەوڵەتیدا پێشكەش بكرێن.
سەكۆی سمارت سولی دەستپێشخەرییەكی نوێی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە كە لەڕێی بەشداریكردنی هاوڵاتییان و كەسانی پسپۆڕەوە چارەسەر بۆ كێشەكانی شار دەدۆزرێتەوە لەپێناو باشتر خزمەتكردنی هاوڵاتیان لەڕێگای بەیەكەوە كاركردن و چارەسەرە زیرەكەكان و داتا و تەكنەلۆجیای زیرەك و بەستنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەیەكەوە كە ئەمەش سلێمانی دەكاتە شارێكی پێشەنگ لەداهێنان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق.