پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی تازەی زایینیدا

سیاسی
  • 31-12-2023, 21:07
  • +A -A

    هەولێر - INA
    نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەراگەیاندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA) ناردووە و رایگەیاند : ساڵی تازەی زایینی (2024) لەخانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، هێزەكانی ناوخۆ و تەواوی كوردستانییان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە لە هەر كوێ بن، لە گەلانی عێراق و جیهان بەگشتی پیرۆز دەكەم. هیوای ساڵێكی پڕ لە ئارامی و خۆشی و سەركەوتن بۆ هەمووان دەخوازم.
    بەهۆی لێكەوتەكانی دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و كێشە و قەیرانەكانەوە‌ لە ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان، ساڵێكی سەختمان بەڕێكرد كە تیایدا ڕووبەڕووی چەندین مەترسی و ئاڵنگاری بووینەوە.
    ناتەبایی و ناكۆكیی سیاسیی ناوخۆ، ڕەنگدانەوەی خراپی بەسەر توانا و پێگەی كوردستانەوە لە عێراق و دەرەوە هەبوو. بووە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان نەتوانێت وەك پێویست ماف و شایستە دەستوورییەكانی بەدەست بهێنێت. هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوا خرا، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدا لە ناوچەكانی مادەی (140) كاریگەرییە خراپەكانی، دیار بوون.
    پێچەوانەی ڕێككەوتنە سیاسییەكان و دەستوور، وێڕای هەموو گفتوگۆ و هەوڵ و پابەندییەك، زۆرێك لە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە عێراق فەراهەم نەبوون. چەندین جار بە هێرش و پەلاماری درۆنی، هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان كرا.
    جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنە سیاسییەكان و نەناردنی شایستە و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، جگە لە زیان هیچ سوودێكی دیكە بە عێراق ناگەیەنێت. لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەبێ هەمووان بە گیانی بەرپرسیاریەتیی هاوبەش، بە یەكترقبووڵكردن و تەبایی، بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن، كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی قەیرانەكان بكەین.
    با لە ساڵی تازەدا‌ لە عێراق و هەرێمی كوردستان، پەند و وانە لە ڕابردوو وەرگرین و پێكەوە بەرەو داهاتوویەكی باشتر و سەقامگیر و ئاسوودە هەنگاو بنێین. با قەیران و ئاڵنگارییەكان بكەینە دەرفەت و بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان، ئامانج و كۆكەرەوەی هەمووان بێت. عێراق بە پێكهاتەكانییەوە بەهێز و دەوڵەمەندە و تەنیا بە تەبایی و پێكەوەیی، هەمووان براوەن.
    لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و جیهاندا، لەسەر بنەمای ڕێزلەیەكگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش، برەو بە پەیوەندییەكانی دەدات. وەك هەمیشە بە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری و بە هاوبەشێكی‌ كارای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زێدی فرەیی و پێكەوەژیان دەمێنێتەوە. ‌
    بە هیوا و ئومێدەوە لە داهاتوو دەڕوانین و ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت.
    نێچیرڤان بارزانی
    سەرۆكی هەرێمی كوردستان
    2023/12/31