(INA) دەقی بەیاننامەی هاوبەش سەبارەت بە سەردانی سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا بۆ بەغداد بڵاودەكاتەوە

سیاسی
  • 28-12-2023, 19:46
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) دەقی بەیاننامەی هاوبەش سەبارەت بە سەردانی پێدرۆ سانچێز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا بۆ بەغداد بڵاودەكاتەوە.
    لە خوارەوە دەقی بەیاننامەكە دەخەینەڕوو:
    1-  هەردوو سەرۆك جەختیان لە دۆخی نایابی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان كۆماری عێراق و شانشینی ئیسپانیا كردەوە، لەسەر بنەمای پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو وڵات و گەلەكانیان و ڕێككەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە كاركردن بەیەكەوە و قووڵكردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و بڕیاریاندا پەیوەندییەكان دەستپێبكەن بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی نوێ بۆ ڕاوێژی سیاسی، لە پێناو گفتوگۆكردن لەسەر بابەتە هاوبەشەكان.
    2- پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئیسپانیا توانایەكی بەرفراوانیان هەیە بۆ پەرەپێدان، لەوانە بوارەكانی بەرگری و ئاسایش و ژێرخان و گواستنەوە و بەڕێوەبردنی ئاو، هەردوو سەرۆك ڕێككەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە هەمەجۆركردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە دوو قۆڵییەكان لەڕێی هاندانی بەشداریكردنی ئیسپانیا لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق و نوێكردنەوەی ئابوورییەكەی، هەروەها ڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی (JETCO) لە بەغدا لە ساڵی 2024، بەمەبەستی بەردەوام بوون لە پتەوكردنی پەیوەندییە ئابوورییە دوو قۆڵییەكان.
    3- ئیسپانیا بەشێوەیەكی چالاكانە بەشداری لە هەوڵە ناجەنگییە نێودەوڵەتییەكان دەكات بۆ پەرەپێدانی تواناكانی هێزە چەكدارەكانی عێراق، چی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش (ئۆپراسیۆنی ئیرادەی هێز) بێت یان لە هەوڵەكانی ناتۆ بۆ شكستپێهێنانی داعش و بنیاتنانی هێزی چەكداری و دامەزراوە ئەمنییە عێراقییە مۆدێرن و ئامادەكراوەكان لە ڕێگەی نێردەی ناتۆوە لە عێراق (NMI) كە ئیسپانیا لە 24 ئایاری 2023 سەركردایەتییەكەی گرتە ئەستۆ.
    عێراق پابەندە بە دڵنیابوون لەوەی كە هێزە نێودەوڵەتییەكان ئەركەكانیان بە ئاشتی و ئاسایش جێبەجێ دەكەن و جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەم هێزانە لەسەر داوای حكومەتی عێراق لێرەن و كارەكانیان لە بەرژەوەندی گەلی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە.
    4- هەردوو سەرۆك تیشكیان خستە سەر هەوڵەكانی ئیسپانیا لە ناو یەكێتی ئەوروپا و گروپی بیست و نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پتەوكردنی فرە لایەنی كاریگەر و هاوەدەنگی و ڕێزگرتنی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ و جێبەجێكردنی ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام و بەهێزكردنی ژنان و گەنجان لەسەر ئاستی جیهان و برەودان بە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە ڕێگەی وتوێژەوە، هەروەها بەرگریكردن لە سیستەمێكی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسا و پشتیوانی ئابووری بۆ وڵاتانی تازە گەشەكردوو و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بنیاتنراوە.
    5- هەروەها هەردوو سەرۆك ڕێككەوتن لەسەر گرنگی كۆنفرانسی بەغداد بۆ هاریكاری و هاوبەشی (كۆنفرانسی بەغداد) وەك ئامرازێكی دیپلۆماسی بۆ ڕێگریكردن لە پەرەسەندنی توندوتیژی لە ناوچەكەدا و وەك چوارچێوەیەك بۆ پتەوكردنی هەماهەنگی هەرێمی و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان، ئیسپانیا ڕۆڵی سەرەكی هەوڵەكانی عێراقی بەرزنرخاند بۆ ئاسانكردنی دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان ئێران و شانشینی عەرەبی سعودی.
    6- عێراق و ئیسپانیا پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەن كە لە 22ی كانوونی یەكەمی 2023 دەرچووە و داوای ئامادەكردنی دۆخێك دەكات بۆ ڕاگرتنی بەردەوامی كارە دووژمنكارییەكان لە غەزە و هەردوو وڵات بە هاوبەشی داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەكەن، بە هۆكاری مرۆیی و هەردوو سەرۆك پێیان وایە پێویستە تێڕوانینێكی سیاسی باوەڕپێكراو دابین بكرێت بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكان لەسەر بنەمای بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان.
    7- عێراق و ئیسپانیا ڕێككەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە كاركردن بەمەبەستی بەدیهێنانی ئاشتییەكی گشتگیر و دادپەروەر و درێژخایەن لە ئۆكرانیا بە پێی بنەماكانی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان.
    8- هەردوو سەرۆك ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كە باری نائاسایی كەشوهەوا هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ و بوونی درووست دەكات بۆ سەر كۆمەڵگەی جیهانی و بژێوی ژیانی مرۆڤ، ئەمەش پێویستی بە كردەوەی بەهێز و گەورە هەیە لەلایەن هەموو وڵاتانەوە، هاوكات نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە كاریگەرییەكانی وشكەساڵی كە خراپتر بوو بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە و كاریگەرییە مەترسیدارەكانی لەسەر خاكەكانیان زیادی كردووە، عێراق و ئیسپانیا تاوتوێی ئەگەری پتەوكردنی هاوكارییەكانیان كرد لە پرۆژە دووقۆڵییەكانی پەیوەست بە ئاو ، هەروەها سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاند كە عێراق پەیوەندی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی وشكەساڵی (IDRA)وە دەكات، ئەم دەستپێشخەرییەش ئیسپانیا و سێنیگال لە كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا (COP27) ڕایانگەیاند، كە وەڵامی پێویست و بەپەلە دەداتەوە بۆ دابینكردنی كاری جیهانی زیاتر و هەماهەنگی و هاوكاری و چالاكییەك بۆ بنیاتنانی خۆڕاگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكە ساڵی لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمی و نیشتیمانی و ناوخۆیی، بە ئامانجی بەهێزكردنی كاری سیاسی بۆ پشتیوانیكردنی وڵاتان و شارەكان و كۆمەڵگاكان.
    9- هەردوو سەرۆك ڕێككەوتن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لە بواری خوێندنی باڵا و فێربوونی زمانی ئیسپانی، سەبارەت بە برەودان بە زمانی ئیسپانی، ئیسپانیا خواستی خۆی بۆ چالاككردنی فراوانكردنی پەیمانگای سێرڤانتس لە بەغداد ڕاگەیاند بە مەبەستی دەستپێكردنی بەرنامەی ڕاهێنان بۆ مامۆستایان.
    10- هەردوو سەرۆك ڕێككەوتن لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لە بوارە هاوبەشەكانی تردا، وەك هاوكاری لە كاروباری دادوەری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەشتیاریی و تەندروستی و وەرزش و كەلەپووری مێژوویی و ڕۆشنبیری.