سەرۆك وەزیران ڕێنمایی پێكهێنانی لیژنەیەك دەكات بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی یاسای دادگای فیدراڵی

سیاسی
  • 27-12-2023, 17:52
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ڕێنمایی پێكهێنانی لیژنەیەكی كرد بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی یاسای دادگای فیدراڵی.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: بە پابەندبوون بە بەرنامەی وەزاری حكومەت، كە بریتیە لە جەختكردنەوە لەسەر تەواوكردنی بینا و بەهێزكردنی دامەزراوە دەستوورییەكان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، حەسەن یاسیری ڕاوێژكارەكەی بۆ كاروباری دەستووری ڕاسپارد بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك لە نوێنەرانی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی دەوڵەت و ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی كە پێشتر لە ساڵی 2015 لەلایەن حكومەتەوە ئامادەكرابوو و ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران كرابوو، بەڵام تا ئێستا پەسەند نەكراوە.
    لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: لیژنەكە كارەكانی تەواوكرد و ڕەشنووسی پڕۆژەكەی داڕشت، سەرۆكی لیژنەكە زنجیرەیەك گفتوگۆ و وتووێژی لەسەر بنەما سەرەكییەكانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدا، بە نوێنەرایەتی سەرۆكی كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی.
    لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە: حكومەت هەوڵیدا، لە ڕێگەی ڕەشنووسی یاساكە، بە هەندێك لەو پرس و دەقانەدا بچێتەوە كە لە دانیشتنەكانی پێشووی پەرلەماندا جێگەی ناڕەزایی بەرامبەر ڕەشنووسی یاساكە بوون، و لە هەردوو لایەنی فەرمی و جەوهەرییەوە باشتر كرا، بە مەبەستی لابردنی هۆكارەكانی ناكۆكی پێشوو، بە دووپاتكردنەوەی پشتیوانی حكومەت بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پابەندبوون بە دەستوور كە دەسەڵاتی زیاتری بەخشی بە دادگای باڵای فیدراڵی لەوەی ئێستا لەژێر یاسای ژمارە 30ی ساڵی 2005ی ئێستایدا هەیە.
    لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە: حكومەت سوورە لەسەر ئەوەی لە بارەی ڕەشنووسی نوێی پرۆژە یاساكە لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان ڕاوێژ بكات، بۆ دڵنیابوون لە تەواوبوونی بنیاتنانی دامەزراوە دەستوورییەكان.