بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدیكردەوە: كە بەشێكی گرنگی شاری جەواهیری پشت بە وزەی جێگرەوە دەبەستێت، و وتیشی: حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون دەستی بەكاركردووە.
سەرۆك وەزیران لە گفتووگۆیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە كاتی كردنەوەی پرۆژەی شاری جەواهیری، كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: شاری جەواهیری یەكەم شارە بەم قەبارەیە، و وتیشی: بەشێكی گرنگی پشت بە وزەی جێگرەوە دەبەستێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: كێشەی نیشتەجێبوون لە دەوڵەتی عێراقدا درێژخایەنە و بەهۆی ڕێژەی گەشەسەندن بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات، و وتیشی: حكومەت دەستی كردووە بە چارەسەكردنی ئەم كێشەیە.
رونیشیكردەوە: نرخی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە ناوەڕاستی بەغدا لە نێوان 300 هەزار بۆ 600 هەزار دۆلاردایە و ئەمەش لە توانای هاوڵاتی ئاساییدا نییە.
دووپاتیشیكردەوە: 5 شارمان لە بەغدا و نەینەوا و كەربەلا و ئەنبار و بابل ڕاگەیاند، و وتیشی: رێكارەكانی ڕەوانەكردنی چواریان تەواو بووە.
راشیگەیاند: شاری سەدری نوێ 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت، ئەوە جگە لە 300 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە بەغدا.
ئاماژەی بەوەشكرد: شاری جەواهیری بەوە جیادەكرێتەوە كە بارودۆخی ژینگەی لەبەرچاو گرتووە و قوتابخانە و زانكۆ و ناوەندی بازرگانی لەخۆدەگرێت، و وتیشی: لە ماوەی 3 ساڵدا تەواو دەبێت.
سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە: كە بەشێك لە گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبووندا بووە.
سەبارەت بە پڕۆژەكانی نەهێشتنی قەرەباڵغی هاتووچۆ، سەرۆك وەزیران تەئكیدیكردەوە: داوا لە خەڵكی بەغدا دەكەین بە هۆی فشار و قەرەباڵغی بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغی هاتووچۆ، بمانبەخشن.
جەختیشیكردەوە: ساڵی 2024 ساڵی دەستكەوتەكان و كردنەوەی پڕۆژەكان دەبێت.