فوئاد مەعسوم نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ كشانەوەی لە رێكەوتنی ئەتۆمی نیشاندا

  • 9-05-2018, 00:00
  • +A -A

    بەغداد – ا ه ع د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار داخی دەربڕی لەبارەی بڕیارەكەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بە پاشەكشێی لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران كە كۆتایی ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و گروپی (5+1) ئیمزا كرا. سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) نێردراوە، رایگەیاند:" سەرۆك كۆمار داوای لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردووە بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە، چونكە رێككەوتننامەكە دەستكەوتێكی گەورە بوو بۆ بەهێزكردنی دەرفەتەكانی هێنانەكایەی ئاشتی و پێشكەوتن بۆ هەموو دەوڵەتانی ناوچەكەو كۆمەڵی نێودەوڵەتی”. لە هەمانكاتدا فوئاد مەعسوم دژایەتی عێراقی دووپاتكردەوە لەئاست هەموو جۆرە چەكێكی كۆمەڵكوژ لەڕیزی پێشەوەیان چەكی ئەتۆمی، نیگەرانیشی دەربڕی كە بڕیاری پاشەكشێی ئەمریكا لەو رێككەوتنە مێژووییە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران خزمەت بە ئەگەرەكانی چەسپاندن و پتەوكردنی ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەكە و جیهانیش ناكات.