بەغداد - INA
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڤیكتۆریا نولاند دووپاتیكردەوە: كە ئەمریكا پێشوازی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی عێراق دەكات، و خۆشحاڵین كە بە شێوەیەكی ڕێك و پێك و سەلامەت و بە شێوەیەك كە متمانە بە دیموكراسی لە عێراقدا بەهێزتر بكات، بەڕێوەچوو، و وتیشی: هیچ كەمكردنەوەیەك لە ناردنی دۆلار بۆ عێراق نییە.
نولاند لە گفتووگۆیەكیدا لەگەڵ كەناڵەكانی راگەیاندن، كە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، رایگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی كۆبوومەوە، دیدارەكەش باش و بنیاتنەر بوو، دوای دەستگیركردنی ئەو كەسانەی دەستیان لە بۆردومانی باڵیۆزخانەی ئەمریكادا هەبوو، سوپاسی حكومەتی عێراقمان كرد، و بۆردومانكردنی باڵیۆزخانە و بنكەكانیش لەبەرچاو دەگرین و قبوڵ ناكرێت.
سەبارەت بە دۆسیەی هەڵبژاردن و لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی هەواڵی عێراقی،
نولاند وتی: هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی ئاسایی و پارێزراو بەڕێوەچوو، ئێمەش دڵخۆشین بەوە و سەرسامین بە هاندانی عێراقییەكان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لە پارێزگاكان، ئەمەش متمانەمان و متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دیموكراسی عێراق بەهێزتر دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركوك دوای دابڕانێكی زۆر گرنگە، هەروەها ستایشی ڕۆڵی هێزە عێراقییەكان دەكەین لە دەستەبەركردنی كەشوهەوای هەڵبژاردن.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتی: هاوبەشی ئەمنیمان لە عێراق بەردەوامە، و لەسەر داوای حكومەت خزمەتگوزاری ڕاهێنان و ڕاوێژكاری پێشكەش دەكەین، و ئەم هاوبەشییە وای لێكردووین ڕووبەڕووی ئاستەنگەكان ببینەوە، خۆشحاڵین كە ئەنجومەنی پیران و كۆنگرێسی ئەمەریكا یاسای بەرگری نیشتمانییان پەسەند كرد، ئەمەش ڕێگەمان پێدەدات بەردەوام بین لە پاڵپشتیكردنی هاوبەشە ئەمنییەكانمان لە سەرتاسەری جیهان بە عێراقیشەوە، هاوكات پشتیوانی هێزەكانی عێراق و پێشمەرگەین.
سەبارەت بە دۆسیەی دارایی، نولاند رایگەیاند: لە نزیكەوە لەگەڵ بانكی ناوەندی عێراق كاردەكەین بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بانكە عێراقییەكان، هەروەها هیچ كەمكردنەوەیەكیش نییە لە ناردنی دۆلار بۆ عێراق.