بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دوای تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان ئەركەكانی خۆی ڕوونكردەوە، و هاوكات گرنگترین ئەو تەحەددایانەی خستەڕوو كە لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە چارەسەر دەكرێن.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لیوا تەحسین خەفاجی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ئەركەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان تەواوكردووە، تەنها بەشی دووەمی پلانی ئەمنی بۆ هەڵبژاردن ماوە، كە بریتییە لە دەستەبەركردنی پرۆسەی ژماردنەوە و ڕیزبەندی بۆ وێستگەكان و پاراستنی كۆگاكانی كۆمسیۆن دوای گواستنەوە سندوقەكانی دەنگدان.
سەبارەت بە ئەركەكانی فەرماندەیی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، رونیكردەوە: بەردەوام دەبین لە ئەركەكانی پەیوەست بە بەدواداچوون و گەڕان بەدوای تیرۆریستان و پەرەپێدانی پلان و تاكتیكەكانمان بەتایبەتی كاتێك نزیك دەبینەوە لە كۆتایی ساڵ و سەرەتای ساڵی نوێ.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتی: گرنگترین خاڵ لە ئەركەكاندا بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و تاوانی ڕێكخراو و چەكی كۆنترۆڵنەكراوە و لە هەمووی گرنگتر كاركردنە بۆ خێراكردنی ڕادەستكردنی دۆسیەی ئەمنی لە هەندێك لە پارێزگاكان بە وەزارەتی ناوخۆ.
جەختیشی كردەوە: وەزارەتی ناوخۆ سەركەوتوو بوو لە بەڕێوەبردنی پێنج پارێزگادا كە تیایدا دۆسیەی ئەمنی وەرگرت، كە ئەوانیش نەجەف، بابل، واست، موسەننا و دیوانیە بوون و ئەم كارەش هاندەر و خێراكردنی پرۆسەی ڕادەستكردنی پارێزگاكانی دیكە دەكات بەپێی ئەو خشتەیەی كە ئامادەكراوە.