هەولێر -INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبووەوە، و ڕێنمایی كاركردنی كرێكاری بیانی لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاانسی هەاڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتیی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبووەوە.
ئاشكراشیكرد: لە بڕگەی یەكەمدا، دوایین پێشهاتەكانی هەردوو دۆسیەی هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و نەوت و گاز لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەكانەوە خرایەڕوو، دووپاتیانكردەوە: كە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەكردنی پرۆژە یاسای هەمواركردنی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵ تاكوو ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت بۆ پەسەندكردنی بە ئاراستەی خەرجكردنی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لەپێش هەموویانەوە، شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەبەرانبەریشدا هەرێمی كوردستان، پابەندییەكانی خۆی ڕاپەڕاندووە و هەردوو دیوانی چاودێریی داراییش ئەركی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوكردووە و هەرێمی كوردستان لەم ڕووەوە ئاسانكاریی تەواوی پێشكەش كردووە.
هەر لە راگەینراوەكەدا هاتووە، كە ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە كردەوە كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانیمان لە حكومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی 2024 ئەم كێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێكەڵی ناكۆكییە سیاسی و پابەندییەكانی دیكە نەكات و مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، مووچەكانیان لەكاتی خۆی وەربگرن كە ئێستا بەداخەوە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرجنەكراوە و بارگرانی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێم دروستكردووە كە بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بنێرێت.
رونیشیكردەوە: پاشان لە بڕگەی دووەمدا، ماددە و بڕگەكانی ڕەشنووسی یەكەمی (ڕێنمایی كاركردنی كرێكاری بیانی لە هەرێمی كوردستان) لەلایەن دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانەوە خرایەڕوو و ئاماژەی بەوە دا كە ئامانج لەم ڕێنماییانە، ڕێكخستنی مۆڵەتی كار و ڤیزا و نشینگە و ڕێگریكردنە لە هاتنی كرێكاری بیانی بە شێوەی نایاسایی و ڕەخساندنی هەلی كاری زیاترە بۆ گەنجانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەك كە خاوەنی كۆمپانیاكان زیاتر ڕوو لە كرێكار و كارمەندانی ناوخۆ بكەن، لە هەمانكاتدا، دڵنیایی و پارێزراوی كار و مانەوەی كرێكارانی بیانیش بێت لە هەرێم تاكوو سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئەو كارمەندە بیانیانە وەربگیرێت كە پسپۆڕییان لە بوارە جیاجیاكاندا هەیە.
لە كۆتاییدا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، چەند پێشنیارێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو كە تایبەت بوو بە زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی بەپێی شایستەی یاسایی دیاریكراوی خۆیان بۆ زامنكردنی ماف و شایستەی ئەوانەی كە شایستەن و هەروەها ڕێگرتن لە سوودمەندبوونی ناڕەوا لە مووچە و ئیمتیازاتی گیراو و زیندانیانی سیاسی لەبەر ڕۆشنایی حوكمەكانی پەیڕەوی ژمارە(4)ی ساڵی 2020 تایبەت بە ئاسانكاریی بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی.
ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەكانی پەسەند كرد و وەزارەتیشی ڕاسپارد لە هەوڵەكانیان لەگەڵ نوێنەرایەتیی هەرێم لە بەغدا بەردەوام بن بۆ پابەندكردنی حكومەتی فیدڕاڵ بە دابینكردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵ بەپێی ماددەی 132ی دەستووری عێراق ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵە.