بەغدا - INA-محەمەد تالبێ
ئەمڕۆ یەكشەممە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگە تایبەت و گشتییەكان و وادەی وەرگرتنی تانەكانی ئاشكرا كرد.
جومانە غەلای وتەبێژی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : كۆمسیۆن ئامادەكارییەكانی بۆ ڕۆژی دەنگدانی گشتی تەواوكردووە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەنگدانی گشتی سبەینێ لە كاتژمێر 7ی بەیانی دەست پێدەكات و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان كاتژمێر 6ی ئێوارە دادەخرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد : ژمارەی ناوەندەكانی دەنگدان گەیشتە حەوت هەزار و 766 ناوەند و زیاتر لە 80 هەزار بنكەی دەنگدان، جەختیشی لەوە كردەوە كە كارەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەكان بەڕێوەدەچێت، كە ئەركی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی لە ئەستۆیە.
غەلای داوای لە كاندیدەكان كرد پابەندبن بە مەرجەكانی سیستەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان و ئەو بێدەنگییە هەڵبژاردنە نەشكێنن كە لە 15ی ئەم مانگەوە دەستی پێكرد، هۆشداریشی دا لە لێپرسینەوەی یاسایی.
لە درێژەی قسەكانیدا وتی: ئەنجامی دەنگدانی گشتی و تایبەت لە یەك كاتدا ڕادەگەیەنرێت، دوای كۆتاییهاتنی دەنگدانی گشتی و لە ماوەی 24 كاتژمێردا، بەپێی یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ ساڵی 2023، ئاماژەی بەوەشكرد دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان، قۆناغی وەرگرتنی تانە دەست پێدەكات.