هەولێر - INA
لەراگەیەندراوێكدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەبۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە و ڕاگەیاندووە:نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، دۆخی سیاسی و ئەمنی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدایان تاوتوێ كرد.
هەردوولا كۆك بوون لەسەر گرنگیی بەڕێوەچوون و سەركەوتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق، هەروەها جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی پرۆسەكە كردەوە بۆ ئەنجامدانی لە كەشێكی ئارام و سەقامگیردا، بەتایبەتیش لە ناوچەكانی مادەی سەد و چل.
دەربارەی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، هەردوولا بە ئەرێنی هەوڵەكان و ڕۆڵی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەڵسەنگاند و هیوایان خواست لە قۆناغی داهاتوودا برەوی زیاتر بە پەیوەندییەكانی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدرێت و بە لێكگەیشتن و لەسەر بنەمای دەستوور، كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكرێن.
دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێكەوتەكانی تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.