سەرۆك وەزیران: حكومەتی ئێستا بەڵێنی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان جێبەجێ كرد

سیاسی
  • 15-12-2023, 21:41
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ هەینی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدیكردەوە: كە حكومەتی ئێستا بەڵێنی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان جێبەجێ كرد.
    سودانی لە وتارێكدا كە بە بۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە ئاراستەی گەلی عێراقی كرد، و ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند:  هیوادارین بە شێوەیەكی بەهێز بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن، كە نوێنەرایەتی بازنەیەك لە بازنەكانی سیستەمی بەڕێوەبردنی دیموكراسی دەكات، و وتیشی  دە ساڵ بەسەر دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا تێدەپەڕێت كە لە ساڵی 2013 ئەنجامدرا.
    ئاشكراشیكرد:  پەكخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە بەرژەوەندی گەل و دەوڵەتدا نەبوو، و جەختیشیكردەوە: كە  ئەنجوومەنی پارێزگاكان بناغەیەكی سەرەكییە لە سیستەمە دیموكراسییەكەمان كە لەسەر بنەمای لامەركەزییەت دامەزراوە، و نوێنەرایەتی قۆناغێكی گرنگی گۆڕانكاری ئیداری دەكات لە عێراق.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:  ئەنجومەنی پارێزگاكان ووردە و حكومەتە خۆجێیەكان پێویستی پێی هەیە، چوونكە نوێنەرایەتی باڵی دووەمی جێبەجێكردن دەكات لە دەوڵەت پاش وەزارەتەكان، و وتیشی:  داواتان لێ دەكەم ئەنجومەنێكی بەهێز هەڵبژێرن بۆ پارێزگاكان بۆ ئەوەی پشتگیری لە كارەكانی جێبەجێكردن بكات.
    سودانی لە وتارەكەیدا راشیگەیاند: حكومەت بەڵێنیدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدات و هەلومەرجی ئەمنی پێویستی بۆ دابین بكات، وە بەڵێنەكەی بردە سەر، و دووپاتیشیكردەوە:  لە ماوەی ساڵێكدا حكومەت دەستكەوتی ڕوونی بەدەستهێنا و ڕەنگدانەوەی لەسەر پێداویستییەكانی خەڵك هەبووە، دوور لە یەكتربڕینی سیاسی یان لایەنگریی ناوچەیی.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئێمە ئەركە جێبەجێكارییەكانمان جێبەجێ كرد بەرانبەر پرۆسەی هەڵبژاردن و پاراستنی لە ڕووی لۆجستی و ئەمنییەوە، و ڕەتمكردەوە بەشداری بكەم وەك ڕكابەرێكی سیاسی بەرامبەر هێز و لایەنەكان لە هەڵبژاردنەكاندا، و وتیشی: ئەركی جێبەجێكاری من سەرۆكایەتی حكومەتی فیدراڵییە، و شەو نەخوونیی بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان بەنرخترە لە هەموو پێشبڕكێیەكی سیاسی.
    ئاشكراشیكرد:  ئێمە هیچ ئامرازێكی دیكەمان نییە بۆ گۆڕانكاری و ڕاستكردنەوە جگە لە هەڵبژاردن و خۆ بەدوورگرتن لێی لەدەستدانێكی بێ پاساوە، بە هەرچ هۆكارێك بێت، تەئكیدیشیكردەوە: حكومەت پاراستنی هەڵبژاردنەكان لە ئەستۆ دەگرێت و هەرگیز قبوڵ ناكات هیچ كەسێك هەوڵی تێكدانی كەشەكەی بدات.
    جەختیشیكردەوە: هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە عێراقییەكان بكات لە پراكتیزەكردنی مافەكانیان لە دەنگدان، و وتیشی:  ستایشی هەوڵەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەكەین بە هەموو كارمەندەكانیەوە بۆ ئاسانكردنی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن.
    راشیگەیاند: دەستخۆشی لە هەوڵە مەزنەكانی هێزە ئەمنییەكانمان دەكەین بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەكان و دەنگدەران كە بە درێژایی ماوەی جێبەجێكردنی پلانی ئەمنی هەڵبژاردنەكان شەو نەخوونیان كردوە، و وتیشی:  هیوادارین هێزە سیاسییەكان پاش دەركەوتنی ئەنجامەكان، خێرا بكەن لە پێكهێنانی حكومەتە خۆجێیەكان دوور لە كێشەی سیاسی.
    سەرۆك وەزیران لە وتارەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:  داوا لەو كەسانە دەكەین كە دەتوانن براوە بن، دڵنیابن لە جێبەجێكردنی ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییانەی كە لە پێناویاندا هەڵدەبژێردرێن.