بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆكایەتی كۆمار پشتیوانی خۆی بۆ رێوشوێنەكانی حكومەت بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ڕێگریكردن لە بەئامانجكردنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان ڕاگەیاند.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكایەتی كۆمار پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەو ڕێوشوێنانە ڕادەگەیەنێت كە حكومەت گرتوویەتەبەر بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و ڕێگریكردن لەو كارە نایاساییانەی نێردە دیپلۆماسییەكان و دامەزراوە حكومییەكان و سەقامگیری وڵات دەكەنە ئامانج و سەروەری عێراق پێشێل دەكەن و وێنەی لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەشێوێنن.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە سەرۆكایەتی كۆمار پشتیوانی خۆی بۆ ئەو ڕێوشوێن و پلانە ئەمنییانەی ئەمدواییەی حكومەت ڕادەگەیەنێت لە نێوانیشیاندا سزادانی ئەو هێزە ئەمنییانەی بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایش لەو ناوچەیەی كە دەستدرێژییەكەی تێدا ئەنجامدراوە.
رونیشیكردەوە: ئەو فەوجەی سەرۆكایەتی كە ناوی هاتوە، هەر لە ساڵی 2015-ەوە لەژێر فەرمانەكانی لیوای 3 ی پۆلیسی فیدراڵدایە .