بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیڤان فایق جابرۆ وەزیری كۆچ و كۆچبەران، داخستنی دووەم كەمپی ئاوارەكانی لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە چوارچێوەی رێنماییەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبوون لە وڵاتدا،و جێبەجێكردنی پلانی نیشتمانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و تێكەڵكردنیان بە كۆمەڵگە، وەزیری كۆچ و كۆچبەران ئیڤان فایق جابرۆ، داخستنی كەمپی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند.
ئاماژەی بەوەشكرد: كەمپەكە دووەم كەمپە لە هەرێمی كوردستان لە دوای كۆچكردنی ساڵی 2014 داخراوە، دوای ئەوەی دوایین گروپی (170) ئاوارە گەڕێندرانەوە ناوچەكانی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەدین.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، جابرۆ سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی حكومەتی خۆجێیی لە پارێزگای سلێمانی كرد بۆ هاوكارییە گەورەكانی لە جێبەجێكردنی پلانی حكومەتی فیدراڵی بۆ ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و داخستنی كەمپەكان، دوای هەوڵە زۆر باشەكانی حكومەت لە بوارەكانی گەڕانەوە بۆ دابینكردنی ژیانێكی شیاو بۆ خێزانە گەڕاوەكان و گرتنەخۆی لە پرۆژەكانی بەرهەمهێنانی داهات، داواشی كرد، حكومەتە خۆجێیەكان لە هەولێر و دهۆك نموونەی سلێمانی لەبەرچاوبگرن بۆ ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان بەگوێرەی پلانی حكومەت بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە ئاوارەبوون و داخستنی كەمپەكان.