ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم باشتركردنی دۆخی كارەبا تاوتوێ دەكات

سیاسی
  • 13-12-2023, 17:46
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوەو باشتركردنی دۆخی كارەبای تاوتوێ كرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
    ئاشكراشیكرد: لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆ لەبارەی ڕووداوی دڵتەزێنی ئاگركەوتنەوە لە باڵاخانەیەكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە 2023/12/8 كرا كە بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 14 كەس و برینداربوونی چەند كەسێكی دیكە و هەروەها ڕێكارەكانی بەهاناوەچوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ڕوودانی كارەساتەكە تاوتوێ كران.
    سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری قوربانییان كرد و هیوای چاكبوونەوەی خێراشی بۆ برینداران خواست. سەرۆك وەزیرانی هەرێم، دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی راسپارد كە بەدواداچوون بۆ ڕێكارەكانی سەلامەتی لە شوێنە گشتی و تایبەتەكان بكرێت بە تایبەتی كە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەیە بۆ لەبەرچاوگرتنی ڕێكارەكانی سەلامەتی لەو شوێنانە.
    لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە كۆی دەنگ، ڕاسپاردە و چارەسەرەكانی تایبەت بە پرسی زیادبوونی حالەتەكانی توندوتیژی دژی ژنان پەسەند كرد، كە لەلایەن جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرابووە ڕوو.
    دواتر كەمال محەمەد، وەزیری كارەبای هەرێم، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە بارودۆخی كارەبا لە هەرێمی كوردستان و گرفتی كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبای هەرێم كە ڕۆژی 11/30 ڕوویدا و هەوڵ و پرۆژەكانی وەزارەت بۆ زیادكردنی بەرهەم و گەڕانەوە بۆ بەرنامەی ئاسایی پێدانی كارەبا و بابەتی پرۆژەی پریپەید و نرخەكەی خستەڕوو.
    وەزیری كارەبا لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە دا كە ئێستا 3473 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و ڕەوشی كارەبای نیشتیمانی دوای كوژانەوەی گشتی، ئاسایی بووەتەوە و یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و دەمژمێرەكانی هەبوونی كارەبای نیشتیمانی لە نێوان 8 بۆ 10 دەمژمێرە.
    وەزیری كارەبای هەرێم هەروەها باسی لە هەوڵ و پڕۆژە بەردەوامەكانی وەزارەت كرد بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە یەكەكانی كۆمباین سایكڵی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كوژانەوەی گشتی كە بابەتەكە تەنیا كێشەیەكی تەكنیكی بووە و ئەم جۆرە كێشە تەكنیكییانە لە زۆر شوێنی دونیا ڕوو دەدەن، هەروەها ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست دانا كە هەرێمی كوردستان لە وزەی كارەبای بەرهەمهاتووی نیشتیمانی خۆی بە ناوچەكانی دیكەی عێراق دەفرۆشێتەوە، بەڵكوو ڕوونیكردەوە كە بەرهەمی كارەبای هەرێم، دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.
    دواتر چەند پێشنیار و داواكارییەك لە كۆبوونەوە خرانە ڕوو بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبای نیشتیمانی و بەرگرتن لە ڕوودانی كوژانەوەی گشتیی یەكەكان و كەمكردنەوەی ڕێژەی بەفیڕۆچوونی كارەبای بەرهەمهاتوو، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێكاری پێویست سەبارەت بە دابینكردنی پێداویستییەكان و تەرخانكردنی بودجەی پێویست، وەزارەتی كارەباش ڕاسپێردرا كە بەردەوام بن لە هەوڵ و پرۆژەكانیان بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان بە مەرجێك بارگرانی لە ئەستۆی هاووڵاتیان دروست نەكرێت و هەروەها پێویستە وەزارەت برەو بە هەوڵەكانیان بدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەی كارەبای جێگرەوە پشت بەست بە سەرچاوەی پاك بە تایبەتیش سەرچاوەی وزەی خۆر.
    سەبارەت بە سیستمی پریپەیدی پێدانی پارەی كارەبا، وەزارەتی كارەبای هەرێم ئەوەی خستەڕوو كە ئەم پڕۆژەیە لەسەر حیسابی هیچ پارێزگا و گەڕەك و ناوچەیەكی كوردستان نییە، بەڵكوو وەزارەت بە دادپەروەرانە بڕی كارەبای بەرهەمهاتوو دابەش دەكات و ئەم پڕۆژەیە، تەنیا شێوازی پێدانی پارەی كارەبایە، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە پڕۆژەی پریپەید نابێت بارگرانی لەسەر دارایی هاووڵاتییان دروست بكات و ئامانج لێی  كۆكردنەوەی داهاتە بە شێوازێكی هاوچەرخانە تاكوو داهاتەكە بخرێتەوە خزمەتی پڕۆژەكانی زیادكردنی وزەی كارەبای نیشتیمانی و خزمەتگوزارییەكە و بەكارهێنانی كارەبای بەرهەمهاتوو بەشێوەیەكی ئابووریانەتر كە دەمژمێری زیاتر كارەبا دابین بكات. هەروەها داوا لە هاووڵاتییانیش دەكات كە هاوكار و یارمەتیدەری حكومەت بن لە ڕێگەی كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و دانی ڕسوماتی كارەبا بەشێوەیەكی ڕێك و بەردەوامی، بۆ ئەوەی حكومەتیش بتوانێت بەشێكی خەرجییە زۆرەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین بكات و كارەبا بە باشی بە هاووڵاتییان بدات.
    دواتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، كورتەیەكی لەبارەی ئەنجامی سەردانەكەیان لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ بۆ بەغدا خستەڕوو كە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەبارەی برەودان بە هەماهەنگی و هاریكاریی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێم سەبارەت بە كاروباری دەروازە سنوورییەكان و گومرگ بە ڕەچاوكردنی دەسەڵاتە دەستوورییەكان و پەرەپێدانی هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات لە عێراق و هەرێم بە ئاراستەی زیادكردنی داهاتی گشتی و خەرجكردنەوەی لە پڕۆژەكانی خزمەتی گشتیدا.
    ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆتاییدا، بڕیاریدا ڕۆژی 2023/12/18 بەبۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستانیش پشووی فەرمی بێت.
    هەروەها بە بۆنەی نزیكبوونەوەی بۆنەكانی جەژنی لەدایكبوون ( كریسمس) و سەری ساڵی نوێی زایینی، وێڕای پیرۆزبایی ئەنجومەنی وەزیران بە بۆنەی یادی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لەسەربێت)، ڕۆژانی پشووی ڕاگەیاند كە ڕۆژانی 12/25 تا 2024/1/1 پشووی فەرمی دەبێت لەسەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی دامەزراوە خزمەتگوزارییە بەردەوامەكان.