بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پلاندانان رێوشوێنی توندی ڕاگەیاند بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی سنوورەكان و ڕێگریكردن لە هاتنە ژوورەوەی كەلوپەلی قاچاخ، و ئاماژەی بەوەشدا: هەماهەنگییەكی بەرز لەگەڵ هەرێم هەیە بۆ یەكخستنی ڕێكارەكانی تایبەت بە هەموو دەروازەكان.
وتەبێژی وەزارەت عەبدولزەهرا هنداوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: دەزگای ناوەندی بۆ ستانداردكردن و كۆنترۆڵكردنی كوالێتی، لە ڕێگەی گرێبەستەكانی لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای نێودەوڵەتی، بەردەوامە لە پشكنینی كاڵا هاوردەكراوەكان لە وڵاتی سەرچاوە،و وتیشی: ئەو كۆمپانیایانە بڕوانامەی پشكنینی كاڵا هاوردەكراوەكان لەلایەن كەرتی تایبەتی عێراقەوە پێشكەش دەكەن.
هنداوی ئاماژەی بەوەشدا: لە هەندێك دەروازە سنوورییە نافەرمیەكاندا كێشە هەیە، ئەوە جگە لە كاری قاچاخ و لادان لە ڕێگەی دەروازە نافەرمییەكانەوە، و وتیشی: وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام هەموو ڕێوشوێنێك دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی بەتەواوەتی سنوورەكان كۆنترۆڵ بكات، هەروەها ڕێگە نەدرێت لە هاتنە ژوورەوەی هەر كەلوپەلێكی قاچاخ كە لەگەڵ تایبەتمەندییەكاندا نەگونجێت، تەنها بە پشكنینیان نەبێت و پابەندبوون بە تایبەتمەندییە عێراقییەكانەوە.
جەختیشیكردەوە: لە ئاستی باڵا هەماهەنگی لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە، بۆ یەكخستنی ڕێكارەكانی تایبەت بە دەروازە سنوورییەكان، جگە لە یەكخستنی سیاسەتەكانی گومرگی.
هنداوی ئاشكراشیكرد: كۆبوونەوەیەكی باڵا ئەنجامدرا، بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری پلاندانان محەمەد تەمیم، و ئامادەبوونی ژمارەیەك وەزیر لە حكومەتی فیدراڵی كە بریتیبوون لە وەزیری ناوخۆ، وەزیری نیشتەجێكردن و ئاوەدانكردنەوە و شارەوانی، و وەزیری داد، و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوە جگە لە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی دەستەی گشتی باج و سەرۆكی دەستەی گومرگی، و بەڕێوبەری گشتی بەشی یاسایی لە سكرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، لەلایەن هەرێمیشەوە وەزیرانی ناوخۆ و دارایی، و ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژكارانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەبوون.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە میانی كۆبوونەوەكەدا باس لە ئەگەری پەرەپێدانی میكانیزم و سیاسەتی یەكگرتوو كرا، جگە لە یەكخستنی ڕێكارەكان بۆ دەروازە سنوورییەكان، هەروەها پرۆسەی پشكنین بۆ ئەو كاڵایانەی كە لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە هاوردەدەكرێن.