سەرۆك وەزیران توانای هێزە ئەمنییەكان بۆ بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەكان بۆ سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان پشتڕاست دەكاتەوە

سیاسی
  • 13-12-2023, 11:25
  • +A -A

    بەغدا - INA
    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شەیاع سودانی توانای هێزە ئەمنییەكانی پشتڕاستكردەوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەكان بۆ سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیندراوێكدا كە بەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی گەیشتووە، ڕایگەیاندووە، “سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شەیاع سودانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی پێگەیشت لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاوە ئەنتۆنی بلینكن كە تیایدا ژمارەیەك بابەت و دۆسیە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا خرایەڕوو لەگەڵ چۆنیەتی بەهێزكردنیان و گرنگترین پێشهاتەكانی سەر هەردوو گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتی".
    لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سودانی جەختی لە "پەرۆشی عێراق كردەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندی هاوبەشی و هاریكاری لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برادا و كاركردن بەیەكەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و ئەمنی و كەشوهەواكان بە شێوەیەك كە پشتیوانی لە هەوڵەكان بكات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەكە".
    هەروەها سەرۆك وەزیران پابەندبوونی عێراقی دووپاتكردەوە بۆ "پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و ڕاوێژكاران و جەختیشی لە توانای هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردەوە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان لە ڕاونانی ئەنجامدەرانی هێرشەكانی سەر نێردە دیپلۆماسییەكان بەبێ دەستێوەردانی هیچ لایەنێكی دەرەكی".
    لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بە "بەردەوامی كاركردنی هاوبەش و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرد و پێشوازی لە هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق كرد بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و ئەو باڵیۆزخانانەی كە لە عێراق كاردەكەن لەگەڵ ڕاونانی ئەو لایەنانەی كە لەپشت هێرشەكانەوە دەوەستن".