سه‌رۆك كۆمار ته‌كه‌ز له‌سه‌ر گرنگی ئه‌كتیڤكردنی پردی ئاسمانی نێوان عێراق و قوبرس ده‌كات

سیاسی
  • 12-12-2023, 21:17
  • +A -A

    به‌غدا-INA
    سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید سەردانی پەرلەمانی قوبرسی کرد و لەلایەن خاتوو ئەنیتا دیمیتریۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پێشوازیی لێکرا.
    نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌ راگه‌یاندووه‌" لە دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 12-12-2023 بەڕێوەچو، پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسی و پرسە نێودەوڵەتییە جێبایەخە هاوبەشەکان تاووتوێ کران، لەو چوارچێوەیەدا سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر پێویستی بەهێزکردنی هەماهەنگی دووقۆڵی لە ئاستی پەرلەمان و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی یاسایی و یاسادانان لەنێوان پەرلەمانی عیراق و قوبرس و گرنگی پێکهێنانی لیژنەیەکی دۆستایەتی عیراقی و قوبرسی و چالاککردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەشێوەیەک، کە  ببێتە هۆکار بۆ پەرەپێدانی کاری پەرلەمانی و یاسادانان.
    هەروەها بەڕێزیان باسی دیدارەکەی لەگەڵ هاوتا قوبرسییەکەی و کۆبوونەوە فراوانەکەی وەفدی هەردوو حکومەت و ئەنجامە ئەرێنییەکەی کرد و ئەو دیدارەیشی بەکۆڵەکەی سەرەکی پەیوەندییە دوو قۆڵییە بەهێزەکان پێناسەکرد، کە دەتوانێت هیوای هەردوو گەلی دۆست لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بەدەستبهێنێت.
    سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشدا، کە عیراق لە ئاستی ئەمنی و سیاسی و ئابووری لە قۆناغێکی سەقامگیریدا دەژی و لەهەمانکاتدا پێشوازی لە بەشدارییەکانی کۆمپانیاکانی قوبرس دەکات لەکەرتی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و ئاماژەی بە گرنگی کاراکردنی گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان عیراق و قوبرسدا کرد بۆ پتەوکردنی میکانیزمەکانی پەیوەندیکردن.
    هەر لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، پێویستە دیپلۆماسێتی کلتووری لە نێوان عیراق و قوبرسدا هەبێت، کە رێگا خۆش بکات بۆ هەماهەنگی لە بواری شوێنەوارە کۆنەکان و پاراستنیان و پارێزگاریکردن لە کەلەپوری شارستانی و کولتوری هەردوو وڵات.
    سەرۆک کۆمار تێڕوانینی خۆی بۆ داهاتووی ناوچەکە و دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان و خواستەکانی میللەتەکانیان بۆ ژیانێکی سەلامەت و سەقامگیر و پشتیوانیکردن لە مافی گەلی فەڵەستین بۆ بەدەستهێنانی هەموو مافە رەواکانیان و  دیاریکردنی چارەنووسیان خستەڕوو.
    لەلای خۆیەوە، خاتوو دیمیتریۆ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک کۆمار و جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لەگەڵ عیراق لە بوارە جیاجیاکاندا بەمەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.