سەرۆک کۆمار جەخت لەسەر پێویستی یەکخستنی هەڵوێستی عەرەبی و کارکردن بۆ وەستاندنی شەڕانگێزی دژبە گەلی فەلەستین ده‌كات

سیاسی
  • 12-12-2023, 08:39
  • +A -A

    به‌غدا-INA
    سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی لە قوبرس.
    نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌ راگه‌یاندووه‌" لە دیدارەکەدا، کە دوێنێ دووشەممە، لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە قوبرس بەڕێوەچو، سەرۆک کۆمار باسی لە پێشکەوتنی سیاسی و ئەمنی و ئابوریی عیراق کرد و ئاماژەیکرد بە سەردانەکەی بۆ قوبرس و دیداری لەگەڵ سەرۆک خریستۆدۆلیدس و ئەو رێککەوتنانەی کراون، کە ئاسۆی  هاریکاری نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئابوری و رۆشنبیری و پەروەردە فراوانتر دەکات، سەرەڕای پتەوکردنی میکانیزمەکانی پەیوەندی لەڕێی پێکەوەبەستنەوەی ئاسمانی بۆ چالاککردنی کەرتی گەشتیاری و قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان گەلانی عیراق و قوبرس.
    لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار گوێی لە دید و بۆچوون و پرسیاری باڵیۆزەکان گرت، هەروەها بارودۆخی گشتیی سیاسی و ئەمنی و ئابوری لەسەر گۆڕەپانی عەرەبی و نێودەوڵەتی تاووتوێ کرا، بەتایبەت دەستدرێژی و پێشێلکارییەکان بۆسەر کەرتی غەزە و دژبە هاووڵاتیان، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی یەکخستنی هەڵوێستی عەرەبی و کارکردن بۆ وەستاندنی شەڕانگێزی دژبە گەلی فەلەستین و دەستەبەرکردنی مافی چارەی خۆنوسین بەپێی رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان.
    سەرۆک کۆمار باسی لە دیدگای عیراقیش کرد بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی بونیادنەری نێوان وڵاتانی عەرەبی لە بوارە جیاجیاکاندا، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە دیارترین ئاڵنگارییەکان، کە لەئێستادا ناوچەکە و گەلان روبەڕوی دەبێتەوە، گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەیە، کە پەیوەندی نزیکیان بە هەموو شێوازەکانی ژیانەوە هەیە و کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر هۆکارەکانی گەشەکردن و پێشکەوتن هەیە.
    سەرۆک کۆمار  دوپاتیکردەوە، عیراق پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان هەیە، کە دامەزراندنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هەمووان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری عیراق و سەربەخۆیی بڕیاردانی عیراقی و قازانجی هاوبەش و هاریکاری بەردەوامی نێوان عیراق و دەوروبەرە عەرەبی و هەرێمییەکەی، بونیادناوە.