سەرۆک وەزیران: سوورن لە بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی هەر هێرشێک بۆ سەر نێردەکان و شوێنی کارکردنی ڕاوێژکاران

سیاسی
  • 11-12-2023, 21:52
  • +A -A

    به‌غدا-INA
    سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە دەیڤد کامیرۆن پێگەیشت.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران له‌راگه‌یندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌ راگه‌یاندووه‌" لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کرا لەگەڵ چۆنیەتی پتەوکردنیان، جگە لە خستنەڕووی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکانی پرسی فەڵەستین.
    سەرۆکی ئەنجومەنه وەزیران جەختی لە پابەندبوونی عێراق کردەوە بەدابینکردنی ئاسایش بۆ ڕاوێژکاران و ئەو نێردە دیپلۆماسیانەی کە لە عێراق کاردەکەن بە پێی یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و دووپاتی کردەوە کە هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەری و زیان گەیاندن بە ناوبانگی وڵاتەکە ڕەتدەکاتەوە.
    هەروەها سودانی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی عێراق سوورن لە بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی هەر هێرشێک بۆ سەر نێردەکان و شوێنی کارکردنی ڕاوێژکاران، بەگوێرەی یاسا و ئەوەی کە لە بەرژەوەندی ئاسایشی عێراقدایە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.
    سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوامبوونی هێرشەکان لە غەززە کاریگەری دەبێت لەسەر هەموو سیستەمی جیهانی و ئاسایشی ناوچەکە بەتایبەتی بە ئامانجکردنی هاوڵاتیانی سڤیلی بێچەک، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە و زلهێزەکان ئێستا ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی دەبنەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی کوشتنی سیستماتیکی و ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانی لە داواکەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەولەتی لەڕووی ئاگربەستەوە.
    لە لای خۆیەوە کامیرۆن پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستەکانی حکومەتی عێراق دەربڕی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و جەختی لە خواستی حکومەتەکەی کردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و فراوانکردنی ئاسۆی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلی عێراق و بەریتانیا بێت و پشتگیری لە سەقامگیری ناوچەکە بکات.