بەغداد-INA
ئەمڕۆ شەممە"حەیدەر حەنون "سەرۆکی دەستەی دەستپاکی،لیستی ناوی ئەو تۆمەتبارانەی ڕادەستی وەزارەتی دادی ئەمریکا کرد،کە نیشتەجێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان.
دەستەی دەستپاکی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە:-دادوەر "حەیدەر حەنون" سەرۆکی دەستەی دەستپاکی،مەلەفێکی ڕادەستی لایەنی ئەمریکی کرد کە تیایدا داوای هاوکاری یاسایی و لیستی ئەو تۆمەتبار و سزادراوانە دەکات کە نیشتەجێی ناو خاکی ئەمریکان و لەلایەن عێراقەوە داواکراون.
ئاماژەی بەوەشدا:-لە کۆبوونەوەیەکی دەستەیەک لە شارەزایانی دەستەی دەستپاکی لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەمریکا، باس لە پێکهێنانی لیژنەیەک کرا لەنێوان هەردوولادا بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕێگەی پسپۆڕانی هاوبەشی دەستەکە و لایەنی ئەمریکی لە دۆسیە هاوبەشەکاندا ،و پاشان دۆسیەکە ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێت ئەگەر لیژنەکە بڕوای بە سزادانی تۆمەتبارەکان لە دۆسیەکەدا هەبێت.
بەپێی بەیاننامەکە دادوەر "حەیدەر حەنون"گەشبینی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەمریکا، بەمەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و ئەزموون بە مەبەستی پشتیوانی و بەڵگەنامەکردن، و هاوکاری تەکنیکی بۆ ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرزکردنەوەی شارەزایی، و ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان لە بارەگای ئەکادیمیای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی عێراق بۆ ئەندامانی دەزگاکانی عێراق ، وەک ئەندامانی دەزگا هاوتاکان لە وڵاتانی دەوروبەری عێراق.
هەر بەپێی بەیاننامەکە:-پسپۆڕانی دەستپاکی لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئاماژەیان بە ئاگادار بوونی خۆیان لە مەترسی گەندەڵی بۆ سەر دامەزراوە حکومیەکان لە عێراق و دروستکردنی کێشە لە بواری ئەمنی و ئابووری و ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵک خستۆتەروو و هەروەک ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە کاربکەن بۆ تەواوکردنی ڕەشنووسی یاداشتەکە لەگەڵ لایەنی عێراقی بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان.