هەولێر - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئێوارەخوانێكدا لەگەڵ باڵیۆز و كونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، داوایكرد كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردوە، دەڵێت: ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئێوارەخوانێكی تایبەتدا بەبۆنەی جەژنەكانی لەدایكبوون و سەری ساڵ، پێشوازی لە باڵیۆز و كونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە وتەیەكدا، پیرۆزبایی جەژنەكانی لەدایكبوون و سەری ساڵی لێ كردن و هیوای ساڵێكی پڕ لە شادی و سەركەوتنی بۆ خواستن.
هاوكات سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد و نیگەرانی و خەمگینی خۆی بۆ گیان لەدەستدانی قوربانییانی سڤیل دەربڕی و جەختی لە چارەسەركردنی كێشەكان بە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوازێكی ئاشتییانە كردەوە. هەروەها داوای كرد كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكرێن.
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسی لە ئاڵنگارییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر ژیانی خەڵك كرد و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاریكاریی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی گۆڕانی كەشوهەوا كرد.