بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی تەئكیدیكردەوە: عێراق دوای ئەوەی هەنگاوی گەورەی لە ڕێگای دیموكراسیدا ناوە بووەتە كلیلی چارەسەرەكان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشوازی كرد لە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی كۆمفۆرت ئەیرۆ و شاندی یاوەری، و لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی گرنگترین ئەو بابەت و دۆسییانە كرا كە ناوچەكە بە خۆیەوە دەیبینێت، هەروەها باس لە ڕۆڵی عێراق كرا لە ناوچەكە و هاندانی بۆ وتوێژ، ئەوە جگە لە ڕۆڵی بۆ ئارامكردنەوە لە دۆسیەی هێرشكردنە سەر غەزەدا.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە: كە عێراق بووەتە كلیلی چارەسەرەكان، دوای ئەوەی هەنگاوی گەورەی لە ڕێگای دیموكراسیدا ناوە و داوای لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرد بە شێوەیەكی ڕاستەقینە دان بەو پێشكەوتنانە بنێن كە لە عێراقدا بەدەست هاتوون لە ئاستە جیاوازەكاندا.
هاوكات سودانی، ئاماژەی بە گرنگی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان كرد لەگەڵ ئەو مافە دەستوورییەی كە نوێنەرایەتی دەكات و بەهێزكردنی لامەركەزییەت لە عێراق و ئەمڕۆ حكومەت پشتیوانییەكی فراوان بەخۆوە دەبینێت لە لایەن هێزەسیاسییە نیشتمانییەكانی عێراقەوە كە هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق لەخۆدەگرێت.
سەبارەت بە پێشهاتی ڕووداوەكانی خاكی فەڵەستینی داگیركراو، سەرۆك وەزیران رایگەیاند: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلهێزەكان بەرپرسیارێتی خۆیان وەك پێویست بەجێ نەهێناوە لە ڕاگرتنی هێرشەكان بۆ سەر غەزە و جەختیشیكردەوە لەسەر ئەوی ئەمڕۆ ڕوودەدات درێژكردنەوەی چەندین ساڵە لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی كە لەلایەن قەوارەی داگیركەرەوە پەیڕەو دەكرێت و بەردەوامە لە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان.