هەولێر –INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوەو دەربارەی دوا پێشهاتەكانی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان گفتووگۆی كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنەوە، بەخێرهاتنەوەی لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە كرد بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن و دەستبەكاربوونەوەی لە كار و ئەركەكەیدا.
سەرۆكی حكومەت هەروەها كورتەیەكی دەربارەی ئەنجامی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی لوتكەی گۆڕانی كەشوهەوا خستەڕوو كە لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات ئەنجامدرا.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە لە بڕگەی یەكەمدا، گفتوگۆ دەربارەی دوا پێشهاتەكانی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان كرا لە دوا سەردانی شاندی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا لە هەفتەی ڕابردوودا كە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەكانەوە خرایەڕوو.
شاندی دانوستكار ڕوونكردنەوە و بەرچاوڕوونی پێویستیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و تێیدا ئاماژەیان بەوە دا كە سەرەڕای دروستبوونی لەیەكترگەیشتنێكی هاوبەش لە بەغدا سەبارەت بەوەی كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و دەبێت لە ناكۆكیی سیاسی و پابەندییەكان جیابكرێتەوە و دەبێت بڕە پارەكانی هاتوو لە خشتەكانی بودجە، وەك خۆی خەرجبكرێت و بە هیچ شێوەیەك پێوەری خەرجی ڕاستەقینەی لەسەر جێبەجێ نەكرێت و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێكەڵی پرسە سیاسیەكان نەكرێت.
هاوكات شاندی دانوستانكار ئاماژەیان بەوە دا كە لە دانوستانەكانی ئەم دواییە، ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و كێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناكات كە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێكی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكات ، پێشێلكردنێكی ئاشكرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستانە .
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدرال دەكات كە لە نزیكترین دەرفەتدا، پڕۆژە یاسای هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بكات و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكات بە ئاراستەی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەك لە خشتەكانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلیی و ناكۆكیی نەوتی و داهاتی نانەوتی. هەروەها لە سەر ئاستی سیاسیش پێویستە هەموو لایەنە سیاسیە پێكهێنەرەكانی كابینەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پشتیوانی پڕۆژە هەمواری یاسای بودجە بن تا مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، مووچەكانیان لە كاتی خۆیدا وەربگرن و چیتر ناعەدالەتی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێم نەكرێت و لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكان و یاسای بوجەدا، شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت و لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە مووچەكان بدرێن.
لە لایەكی دیكەشەوە، هەرێمی كوردستان هەموو ئەركەكانی خۆی بەرامبەر حكومەتی فیدڕاڵیی جێبەجێكردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ هەرێم ، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات وخەرجیەكان و میلاكی وەزیفیی هەرێم كردووە ، جیا لەوەش، هەرێم پابەندیی نەوتی خۆی بەرامبەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ كردووە لە ڕێگەی ڕادەستكردنی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام حكومەتی فیدراڵ، هیچ بڕە پارەیەكی بۆ كۆمپانیا نەوتیەكان خەرج نەكردووە، بۆیە هیچ بەهانەیەك بۆ حكومەتی فیدڕاڵ نەماوە كە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەكات و ئێمە حكومەتی فیدراڵ بە تاكە بەرپرسی دواخستنی مووچەكان دەزانین و داوا دەكەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا نەخەن.
راگەیەنراوەكە ئاماژی بۆ ئەوەشكردووە: كە لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا، جێگری سەرۆك وەزیران، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەكانی توندوتیژی دژی ژنان پێشكەش كرد . هەروەها ئاماژەی بە هۆكارەكانی توندوتیژی و چۆنییەتی چارەسەركردنیانی خستەڕوو و لەمبارەیەوە داوای لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە هەموولایەك هاوكار بن لەپێناو جێبەجێكردنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان
هاوكات سەرۆك وەزیران جەختی لە گرنگی پاراستنی مافەكانی ئافرەتانی كوردستان و گرتنەبەری ڕێكاری توند و بەسزاگەیاندنی هەموو ئەو تاوانبارانەی كە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دەكەن كردەوە كە نابێ بە هیچ شێوەیەك، چاوپۆشی و كەمتەرخەمی لەمبارەیەوە بكرێت. سەرۆك وەزیران دامەزراوەكانی حكومەتی ڕاسپارد كە هەڵمەتێكی بەرفراوانی هوشیاركردنەوە بۆ بنبڕكردنی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان ئەنجام بدەن.
پاشان ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە دا كە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیران، لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و ژمارەیەك لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كۆبووەتەوە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاسا و رێنماییەكانی پەیوەست بە ڕووبەرڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان.
ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی ئەو پێشنیار و ڕاسپاردانەی كرد كە لە ڕاپۆرتەكە و كۆبوونەوە خرانەڕوو، هەروەها پشتگیری خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕووبەڕوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان و هەموو ئەو ڕێكخراوانەش كە كار لەو بوارەدا دەكەن دووپات كردەوە بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ توندوتیژی دابنرێت.
لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێكی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری سەبارەت بە لێخۆشبوون و داشكاندنی بە ڕێژەی 15% لە دانەوەی قەرزی هاوبەشانی كرێی ئاو بە مەرجێك لە ماوەی 90 ڕۆژ لە ڕێكەوتی بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە ، لە ڕۆژنامەی فەرمی، داواكاری پێشكەش بكەن بۆ سوودمەند بوون لەم بڕیارە كە دواتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وردەكارییەكەی بڵاودەكاتەوە