بەغدا - INA
ئەمڕۆ شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی عێراقی دووپاتكردەوە كە هەرچەشنە دەستدرێژییەك بۆ سەر خاكی عێراقییەكان ڕەتدەكاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران كە بەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و تێیدا هاتووە : سەرۆك وەزیران پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەنتۆنی بلینكنەوە پێگەیشتووە.
لە میانی پەیوەندییەكەدا سەرۆك وەزیران هەڵوێستی عێراقی لە ڕەتكردنەوەی هەر هێرشێك بۆ سەر خاكی عێراق دووپاتكردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە هێرشكردنە سەر ناوچەی جورف نەسر نوێنەرایەتی پێشێلكردنی سەروەری عێراق دەكات.
لە هەمان كاتدا سودانی پابەندبوونی حكومەتی عێراقی بۆ پاراستنی ڕاوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە لە عێراقن نوێكردەوە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە : لە پەیوەندییەكەدا باس لە پێشهاتەكانی ناوچە داگیركراوەكانی فەڵەستین كراوە، هەروەها ئەو هەوڵانەی عێراق داوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو كاردانەوە مەترسیدارانەی كە بەهۆی هێرشە دووبارەكان بۆ سەر كەرتی غەززە بەجێیان هێشتووە، كاركردن بۆ سەقامگیركردنی ئاگربەستەكە و ڕاگرتنی دەستدرێژییەكان و دڵنیابوون لەوە شەڕەكە بە شێوەیەك فراوان نابێت كە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە پێكبهێنێت.