نێچیرڤان بارزانی بەشداریی ڕێوڕەسمێكی تایبەتی (COP28) دەكات

سیاسی
  • 30-11-2023, 20:23
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئیوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دوبەی لەگەڵ سەرۆك و سەركردەی وڵاتان، بەشداری لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتی پێشوازیی ژمارەیەك لە سەركردەی وڵاتان و بەشدارانی كۆنفرانسی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا (COP28)دا كرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئیوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دوبەی لەسەر بانگهێشتی هاوبەشی شا چارلزی سێیەم شای شانشینی یەكگرتوو و شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆكی ئیمارات، لەگەڵ سەرۆك و سەركردەی وڵاتان، بەشداری لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتی پێشوازیی ژمارەیەك لە سەركردەی وڵاتان و بەشدارانی كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا (COP28)دا كرد.
    ئاشكراشیكرد: ڕێوڕەسمەكە بۆ كردنەوەی كۆڕبەندی كاری خێرخوازی و گۆڕانی كەشوهەوایە‌ كە لەگەڵ كارەكانی (COP28)دا، لەلایەن سەرۆكایەتیی ئیمارات بۆ كۆنفرانس‌ و دەستپێشخەریی بازاڕی بەردەوامەوە، ساز دەكرێت. ژمارەیەك لە سەرۆك و سەركردەی ئەو وڵاتانە و میوانان بانگهێشتی ڕێوڕەسمی ئەم ئێوارەیە كراون كە سبەی بەشداری لە كۆبوونەوەكانی لووتكەی دوو ڕۆژی یەكەمی كۆنفرانسەكەدا دەكەن.
    رونیشیكردەوە: لە ڕێوڕەسمەكەدا وڵاتان و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانس و ڕێكخراوەكانی ئەم بوارە و كەر‌تی تایبەت، لێكۆڵینەوە و گفتوگۆ دەربارەی هەڕەشە و مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و پلان و ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەسەر ئاستی جیهان دەكەن.