بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بازرگانی كۆمەڵێك ڕێوشوێنی ئاشكراكرد كە گرتویەتیەبەر بۆ پاراستنی كۆگاكانی تایبەت بەكۆگاكردنی ستراتیژیی لە مەترسییەكانی باراناو و لافاو و كاریگەرییەكانی تری گۆڕانی كەشوهەوا.
وتەبێژی وەزارەتەكە موسەننا جەبار، لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك كە سەر بە وەزارەتی بازرگانییە و بەرپرسیارە لە هەڵگرتن و دابەشكردنی كەرەستەی سەبەتەی خۆراك و سەرپەرشتیكردنی هەڵگرتنی ستراتیژی، نزیكەی 4 مانگ لەمەوبەر هەڵمەتێكیان ئەنجامدا بۆ پاراستنی كۆگاكان و جەمەلۆنەكانی تایبەت بە خۆیان.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەڵمەتەكە بریتی بوو لە نۆژەنكردنەوە و دڵنیابوون لەوەی كە ئاوی باران نەچێتە ناو كۆگای ستراتیژییەوە، جگە لەوەی زۆرێك لە جەمەلۆنەكانی بە عەزلی ئیبۆكسی و ئایزۆگام داپۆشراون.
جەختیشیكردەوە: كە زۆربەی كۆگاكانی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی خۆراك لە سەرانسەری پارێزگاكاندا پارێزراون، و هەڵگرتنی ستراتیژی لە دۆخێكی سەلامەت و دڵنیاكەرەوەدایە.