سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی جیهانیی كەشوهەوا بەرەو ئیمارات بەڕێكەوت

سیاسی
  • 30-11-2023, 17:55
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو دەوڵەتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بەڕێكەوت بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی جیهانیی كەشوهەوا .
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو دەوڵەتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بەڕێكەوت بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی جیهانیی كەشوهەوا (COP28) كە ڕۆژانی (1-2ی كانونی یەكەمی 2023) لە شاری دوبەی بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆك و سەركردەكانی جیهان بەڕێوەدەچێت.
    راشیگەیاند: سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە بانگهێشتی شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەكتووم، جێگری سەرۆكی ئیمارات و سەرۆك وەزیران و حاكمی میرنشینی دوبەی بەشداری لەم لوتكەیە دەكات كە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانیی ئیمارات. ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و كاركردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام.
    رونیشیكردەوە: لە لوتكەكەدا، باس لەو ئاستەنگانە دەكرێت كە  لە ئەنجامی گۆڕانی كەشوهەوا ، ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتكەكە، كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەم گۆڕانكارییە لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەكات.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشتر لە چەندین بۆنەدا،  هۆشداری لە مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بەگشتی داوە و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و كەمكردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لە سەر  جیهان.