هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نەسڕوڵڵا ڕەشنودی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر چەند بابەتێكی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ كرد.
نوسینگەی راگەیاندی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازی كرد لە نەسڕوڵڵا ڕەشنودی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و پێكەوە چەند بابەتێكی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ كرد.
ئاشكراشیكرد: لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئێران بە تایبەت لەڕووی بازرگانییەوە كرا، لەو چوارچێوەیەشدا شێوازی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم كاروبارەكانی كۆمپانیا ئێرانییەكان و ئاسانكاریكردن بۆیان تاوتوێ كران.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەدا: لە هەرێمی كوردستان دەرفەتی گەورە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جیاوازدا هەیە و حكومەتی هەرێمیش كارئاسانی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەكات.
لە بەرامبەریشدا كونسوڵی گشتی ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ كارئاسانیكردن بۆ بازرگانانی هەرێم و بەهێزتركردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران.
هەروەها لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد؛ هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و بودجەی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆكان لەوبارەیەوە بەردەوامن، وتیشی: بە لایەنی كەمەوە دەبێت بە خێرایی لەسەر چارەسەركردنی كێشەی موچە رێكبكەوین و پێویستە ئەو تێگەیشتنە لە بەغدا دروست ببێت كە نابێت پرسی موچە تێكەڵ بە كێشەكانی دیكەی نێوان هەرێم و بەغدا بكرێت.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و بە تایبەتیش لە كەركوك كرا. هەردوولا هیوایان خواست پرۆسەی هەڵبژاردنەكان لە كەشێكی ئارامدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەكەی لە بەرژەوەندیی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدا تەواوببێت.
سەبارەت بە دۆخی كەركووكیش جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: ئێستا لە كەركوك جیاوازی دەكرێت لەنێوان پێكهاتەكانی ئەو شارەدا و دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەكان دۆخێك بێتە ئاراوە كە هەموو پێكهاتەكان هەست بە دڵنیایی بكەن لەوەی چیتر پەراوێز ناخرێن و بەبێ هیچ جیاوازییەك خزمەت بكرێن.