سلێمانی-INA
ئەمرۆ یەک شەممە "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران لە وتارێکدا لە دیداری سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان رایگەیاند: بە داخەوە تا ئێستا پرسی توندوتیژی دژی ژنان لای بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا و تەنانەت لای بەشێک لە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری پرسێکی پەراوێز بووە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە :- لە دیدارەکەدا کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو" قوباد تاڵەبانی " جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا پرسی توندوتیژی دژی ژنان بە تەنها بە حکومەت و رێکخراوەکان چارەسەر نابێت و دەبێت ئەم پرسە ببێتە پرسی هەمووان و پێویستیی بە کاری پێکەوەیی لەنێوان حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکوانان و رۆژنامەنووسان و نووسەران و رۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هەیە.
هەروەک وتیشی: ناکرێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵگادا دوو کێشە چارەسەر بکرێت و کێشەکانی دیکە فەرامۆش بکرێن.
لەڕاگەیەندراوەکەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا هاتووە:- کە "قوباد تاڵەبانی " جەختی لەوە کردۆتەوە کە یەکێک لەو بوارانەی کە دەبێت گەشەی تێدا بکرێت، باشترکردنی دۆخی ژنان و کەمکردنەوەی ئاستی توندوتیژی خێزانییە، هەروەها داوایکرد رێکخراوەکان و چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان لەپێناو هۆشیاکردنەوەی زیاتری کۆمەڵگا، پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵک دروست بکەن، میکانیزمێک و شێوە رێکخستنێک دروست بکەن کە بەردەوامیی و بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا گفتوگۆ بکەن، بە تایبەتیش لەگەڵ ئەو بەشە لە کۆمەڵگا کە رێژەی توندوتیژی لەناویاندا بەرزترە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە :- لە کۆتایی وتارەکەیدا "قوباد تاڵەبانی" تەئکیدی کردەوە کە دەبێت هەمووان پێکەوە لە بچوکترین کێشەی بەردەم ژنان و کچانەوە هاودەنگ بن تا دەگاتە گەورەترینیان کە کوشتنی بەناو شەرەفە و بەیەکەوە و بە یەکدەنگ بڵێین: هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە.