پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یادی 25ی نۆڤەمبەردا

سیاسی
  • 25-11-2023, 11:22
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ 25ی نۆڤەمبەر لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بەم بۆنەیەوە ئاراستەی كردووە و نووسینگەی ڕاگەیاندنی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)  ناردووە وتێدا هاتووە : لەم رۆژەدا هەموو پشتگیرییەك بۆ كەمپەینی 16 ڕۆژەی كار و چالاكییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دووپات دەكەینەوە و لێبڕاوانە بەرامبەر بە هەر جۆرە توندوتیژییەك دژی كچان و ژنان و هەراسانكردنیان لە هەر كوێ و بە هەر پاساوێك بێت دەوەستینەوە.
    هەروەها لەبەشێكی دیكەی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووە، لەم ڕۆژەدا یادی هەموو ئەو ئافرەتانە دەكەینەوە كە ستەمیان لێكرا و لەبەر ڕەگەز و جیاوازییان، ژیانیان لێ سەندرایەوە و هیچ شتێك دادی ئازاری گەورەی خێزان و دایك و باوكانی ئەو قوربانییانە نادات، تاكە دڵنەوایی بۆ ئەوان تەنیا ئەوەیە هەموومان پێكەوە كار بكەین بۆ ئەوەی دادوەری بۆ قوربانییان جێبەجێ بكرێت،هەروەها بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی خانمانی چالاكوان و مامۆستایانی ئایینی و هەموو ئەوانە دەڕوانین كە بە هەر شێوەیەك بێت بۆ باشتركردنی دۆخی ئافرەتان كار دەكەن.
    لەم یادەدا پابەندیمان دووپات دەكەینەوە كە بە ئیرادەیەكی پتەو و بە جددی بەرەنگاری هەموو توندوتیژی و پێشێلكاری و دەستدرێژییەك بەرامبەر بە ئافرەتان و مافەكانیان دەبینەوە لە هەماهەنگی و كاری هاوبەشمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش بەردەوام دەبین، هەرگیز لەكار و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی ئازاد و دادپەروەر و یەكسان كۆڵ نادەین.