سەرۆك كۆمار: عێراق لەڕووی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەوە بە قۆناغێكی نایابدا تێدەپەڕێت

سیاسی
  • 23-11-2023, 17:38
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، تەئكیدیكردەوە: كە عێراق لە ڕووی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەوە بە قۆناغێكی نایابدا تێدەپەڕێت.
    سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ كۆماری ئەرمینیا، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید بە یاوەری سەرۆك كۆماری ئەرمینیا ڤاهاگن خاچاتوریان، سەردانی شاری گیومری ئەرمینیای كرد.
    ئاشكراشیكرد: هەردوو سەرۆك، سەردانی سەنتەری تۆمۆ بۆ تەكنەلۆژیای داهێنانیان كرد، كە تایبەتە بە تەكنەلۆژیا و فێربون و رونكردنەوەی وردیان لەسەر میكانیزمی كاركردنی سەنتەرەكە و بەرهەمەكانی و بەرنامەی فێركردنیان پێشكەشكرا، كە روماڵی زیاتر لە وڵاتێكی ئەوروپی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.
    هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە سەرۆك كۆمار گەشەسەندنی سەنتەرەكەی لەسەرئاستی بەرهەمهێنان و پرۆگرام و تەكنەلۆژیا و پلاندانانی ئایندەیی لە بواری فێربون و راهێنان بەرزنرخاند،و ئاماژەیكرد: بە خواستی كردنەوەی بواری هاریكاری و هێڵەكانی پەیوەندی نێوان سەنتەرەكە و لایەنی عیراقی بۆئەوەی سودی لێ ببینرێت بۆ وەرگرتنی شارەزایی و تەكنەلۆژیا لە كەرتەكانی فێربون و ئاسایش و ئابوری و حوكمڕانیی دیجیتاڵی.
    پاشان هەردوو سەرۆك بەشدارییان لە سیمپۆزیۆمێكی دیالۆگدا كرد بەناونیشانی (دەستپێشخەریی تەكنەلۆژی لە نێوان ئەرمینیا و عیراق بۆ بەستنەوەی داهێنانەكان)، كە بە سپۆنسەری سەنتەری تەكنەلۆژیای تۆمۆ لە قەڵای رەشی مێژوویی بەڕێوەچو.
    لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەكەدا، سەرۆكی ئەرمینیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی سەرۆك كۆماری عیراق و وەفدی یاوەری دەربڕی، كە بە مێژوویی و سەركەوتوو وەسفی كرد و ئاماژەی بەوەكرد، كە سەردانەكە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتەوكردنی پەیوەندی دۆستانە و هاریكاریی بنیاتنەرانە لەنێوان هەردوو وڵات لە زۆر بواری جێی بایەخی  هەردوولا.
    لەلایەن خۆیەوە سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید باسی لە سەردانەكەی بۆ ئەرمینیا و دیدارەكانی لەگەڵ سەرۆك خاچاتوریان و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و هەروەها كۆبوونەوەی فراوانی نێوان وەفدی هەردوو وڵات كرد، جەختیشیكردەوە: ئەم سەردانە هەنگاوی یەكەمە لەسەر رێگای ئایندەیەكی گەش بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەپێناو خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات لە بەرەوپێشچون و گەشەسەندندا.
    لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆك كۆمار رونیكردەوە: كە عیراق بە قۆناغێكی نایابدا تێدەپەڕێت لەڕووی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابوری، هەروەها دەرفەتی وەبەرهێنان هاتۆتەئاراوە و عیراق پێشوازی لە كۆمپانیا ئەرمەنییەكان دەكات بۆئەوەی بەشداری بكەن لە سەرپێخستنەوەی ژێرخانی ئابوری و ئاوەدانكردنەوە، كە ئاستی خزمەتگوزاری و ئابوری هەردوو وڵاتی دۆست بەرەوپێش دەبات.
    هەروەك سەرۆك كۆمار بە بایەخەوە باسی لە ئاستی تەكنیكی پێشكەوتوو كرد، كە كۆماری ئەرمینیا بەدەستیهێناوە، جەختیشیكردەوە لە ویستی عیراق بۆ فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری و ئاڵوگۆڕی ئەزمون و سازكردنی وۆرك شۆپی راهێنان لە بواری تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی و حوكمڕانی و فێربون و رۆشنبیری.
    هەروەها لە سیمپۆزیۆمەكەدا پرسیار و دیالۆگ سەبارەت بە داهاتوی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و ئەرمینیا و هەلی بەردەست بۆ بوارەكانی تەكنیكی و تەكنەلۆژی هاتەئاراوە.