بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، بانگهێشتی قەداسەتی كاریكینی دووەم باتریاركی باڵای كاسۆلیكی گشت ئەرمەنییەكانی كرد بۆ سەردانی عێراق.
سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە پەراوێزی سەردانە رەسمییەكەیدا بۆ كۆماری ئەرمینیا، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، سەردانی كورسی پیرۆزی دایكە ئیچمیادزینی كرد و لەگەڵ قەداسەتی كاریكینی دووەم باتریاركی باڵای كاسۆلیكی گشت ئەرمەنییەكان كۆبوەوە.
ئاشكراشیكرد: لە سەرەتای دیدارەكەدا، باس لە سروشتی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و ئەرمینیا لەسەرئاستی حكومی و جەماوەری كرا، و لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار باسی لە رۆڵی مێژوویی ئەرمەنییە عیراقییەكان كرد لە بونیادنانی كلتوری و زانستی و ئابوری و بەشداریكردنیان لە شارستانیەت و كلتوری وڵاتداو ئاماژەی بەوەشدا كە كۆمەڵگەی عیراقی بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بەپەرۆشن بۆ مانەوەی ئەرمەنییەكان لە عیراق و گەڕانەوەی كۆچبەران و ئاوارەكانیان بۆ ناوچەكانیان بە شێوەیەك كە ژیانێكی ئازاد و شكۆداریان بۆ دەستەبەر بكرێت.
هەروەها سەرۆك كۆمار رونیكردەوە، كە عیراقییەكان بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە هاوسۆزن لەگەڵ ئەرمەنییەكان لەوەی بەسەریانهاتوە لە سەركوتكردن و چەوساندنەوە و جینۆسایدكردنیان، بەوپێیەی لە سەردەمی رەشی دیكتاتۆریەتدا دوچاری هەمان شێوازی دڕندەیی بونەتەوە وەك ئەنفال و بۆردومانی هەڵەبجە و وشككردنی زۆنگاوەكان و روبەڕوبونەوەی راپەڕین لە باشور.
هەروەك سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە سەردانی ئەمدواییەی بۆ رۆما و دیداری لەگەڵ قەداسەتی پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیكان و دەرئەنجامی وتووێژەكانی كرد لەپێناو چەسپاندنی بنەماكانی برایەتی و پەیوەندییە مرۆڤایەتییەكان و كاركردن لەسەر پتەوكردنی بنەماكانی دیالۆگ و هاریكاری و كاری پێكەوەیی نێوان گەلان.
لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆك كۆمار بانگهێشتی قەداسەتی كاریكینی دووەمی كرد بۆ سەردانیكردنی عیراق و ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ رۆڵەكانی تایفەی ئەرمەنی و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و هاریكاری لەنێوان هەردوو گەلی عیراقی و ئەرمەنی.
لەلای خۆیەوە، قەداسەتی كاریكینی دووەم پاتریاركی باڵای كاسۆلیكی سەرجەم ئەرمەنییەكان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی سەرۆك كۆمار بۆ ئەرمینیا دەربڕی و ستایشی هەوڵەكانی كرد بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە دۆستانەییەكان و هاریكاری نێوان هەردوو وڵاتی دۆست.