هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەفدێكی باڵای سەربازی بەریتانیا كۆبووەوەو باسیان لە دۆخی ئەمنی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازی كرد لە وەفدێكی باڵای سەربازی بەریتانیا بە سەرۆكایەتی مارشاڵ سامی سامپسۆن، گەورە راوێژكاری بەرگریی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە، لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و كونسوڵی گشتیی بەریتانیاش بە وەكالەت ئامادەی بوو، باسی دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە كرا. جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: لێكتێگەیشتنی باش دروست بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و كۆبوونەوەكانی ئەم دوایەی نێوان هەردوو لایەنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەرێنی بوون.
ئاماژەی بەوەشدا هەنگاوەكان بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەن و گەشبینین بەم نزیكانە بە تەواوی كێشەكانی وەزارت بە هاوكاری و پشتیوانی هەموو لایەك چارەسەر بكرێن و ئەمەش رەوتی چاكسازییەكان لە هێزەكانی پێشمەرگە خێراتر دەكات.
لەمبارەیەوە وەفدی باڵای سەربازی بەریتانیا پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش بۆ بەردەوامی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتكردەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی ئەمنی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان كرا. هەردوولا جەختیان كردەوە كە پێویستە حكومەت و لایەنە عێراقییەكان هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ رێگریكردن لە هەرچەشنە هەنگاو و جوڵەیەك كە ببێتە هۆی بارگرژی و ناسەقامگیری لە عێراقدا. هەردوولاش هاوڕابوون كە مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق.