بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدی لە خواستی عێراق كردەوە بۆ هاوكاری زیاتری توركیا لە دۆسیەی ئاودا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا ئالپئەرسلان بایرەكتار و شاندی یاوەری كرد، و لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییە هاوكارییەكانی نێوان عێراق و توركیا لە بواری وزە و ڕێگاكانی پەرەپێدانی تاوتوێ كرا، هەروەها باس لە هەوڵەكانی هەردوو وڵات كرا بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی لیژنەی هاوبەشی ئابووری لە نۆزدەهەمین دانیشتنیدا و بەردەوامبوون لە كاركردن لەسەر دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جیهانی توركیاوە.
لەمیانی كۆبوونەوەكەدا، سودانی تەئكیدیكردەوە: لە ئامادەیی حكومەت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت، و جەختیشیكردەوە: كە عێراق چارەسەری دادپەروەرانەی گرتۆتەبەر، لە چوارچێوەی دەستوور، لە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە جۆراوجۆرەكانی وڵاتانی دراوسێ.
هەروەك ئاماژەیدا: بە دۆسیەی ئاو و پشكی ئاوی عێراق و ڕەوتی بەكارهێنانی گونجاوی ئاو بەتایبەتی لە بواری كشتوكاڵدا، و جەختیكردەوە، لەسەر خواستی عێراق بۆ هاوكاری زیاتری توركیا لەم دۆسیەیەدا، كە گرنگییەكی زۆری بۆ حكومەت هەیە بەهۆی كاریگەرییە ئابووری و مرۆییەكانیەوە.
هەروەها باسی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە گرنگەی كرد كە هەردوو وڵات كاری لەسەر دەكەن، كە ڕێڕەوی گەشەپێدانە، هەروەها ئەو گەشەسەندنە بەردەوامەی كە لە كەرتە ئابوورییە هاوبەشە جیاوازەكاندا بەدەستی دەهێنێت.
بەیاننامەكە ئاشكراشیكرد: كە لە كۆبوونەوەكەدا هەڵوێستی هەردوو وڵات سەبارەت بە ڕووداوەكانی ئێستای غەززە، و هاوئاهەنگی دیدگاكان سەبارەت بە پرسی فەڵەستین تاوتوێ كرا. لەم بارەیەوە سەرۆك وەزیران سوپاسی هەڵوێستی ڕوونی توركیای كرد سەبارەت بە هێرشە ئیدانەكراوەكان بۆ سەر خەڵكی فەڵەستین لە كەرتی غەزە.
لای خۆیەوە وەزیری میوان سڵاوی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا و خواستی وڵاتەكەی بۆ هاوكاری زیاتر لە بوارە جیاوازەكاندا گەیاندە سەرۆك وەزیران، و ئاماژەی دا: بە گرنگیپێدانی ڕوون و وردی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، و جەختی لەوەشكردەوە: كە عێراق وڵاتێكی گرنگە نەك تەنها بۆ توركیا، بەڵكو بۆ وڵاتانی ئەوروپاش، بەتایبەتی لە بواری وزە و ئەو دەرفەتە ئومێدبەخشانەی وەبەرهێنان كە لە بازاڕی جیهانی غازدا هەیەتی.