بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، تەئكیدیكردەوە: كە پێكهاتەی ئەرمەنی بەشێكی گرنگە و رەنگێكی عێراقییە كە شانازی پێوە دەكەین، و ئاماژەی بەوەشكرد: ئێستا عێراق لە سەقامگیرییەكی بەرچاوی ئەمنی و سیاسی و ئابووری بەهرەمەندە و ژینگەیەكی لەباری بۆ وەبەرهێنان لە چەند بوارێكدا هەیە.
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ لە كۆشكی سەرۆكایەتی لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەرمینیا ڤاهاگن خاچاتوریان كۆبووەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لە میانی كۆبوونەوەكەدا باسیان لە سروشتی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەرمینیا و ڕێگاكانی باشتركردنی كرد، جگە لەوەی باسیان لە پێشهاتەكانی ڕووداوە نێودەوڵەتییەكان كرد، هەروەك سەرۆك كۆمار ئاماژەی كرد بە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان هەردوو وڵات و فراوانكردنی ئاسۆی هاوكاری هاوبەشی دوولایەنە لە ئاستە جیاوازەكاندا.
هاوكات سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە: كە پێكهاتەی ئەرمەنی لە عیراقدا بەشێكی گرنگە و رەنگێكی عیراقییە، شانازی پێوە دەكەین و ئەڵقەیەكی پەیوەندییە بۆ قوڵكردنەوەی رایەڵەكانی نێوان هەردوو وڵات، راشیگەیاند؛ مێژووی بوونی ئەرمەنییەكان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابلییەكان و بەشداریی كاریگەریان لە بونیادنانی عیراق و قوربانیدانیان لەپێناویدا هەبوە. هەروەك ئاماژەی بۆ رادەی هاوسۆزی عیراقییەكان و هەستكردنیان بە ئازاری كۆمەڵكوژییەكان كرد، كە دژی ئەرمەنییەكان ئەنجامدراوە، بەوپێیەی عیراقیش بە هەمان ئازاردا تێپەڕیوە و لە قۆناغەكانی دەسەڵاتی دیكتاتۆری كۆمەڵكوژییەكانی هەڵەبجە و ئەنفال ئەنجامدراون، دوا تاوانیش دەرهەق بە عیراق لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا.
سەرۆك كۆمار بەرژەوەندی عیراقی بۆ چەسپاندنی بناغەكانی پەیوەندی لەگەڵ ئەرمینیا لەڕێگای چالاككردنی میكانیزمی كاری دوو قۆڵی و بەدواداچوون بۆ دەرەنجامی كۆبوونەوەكانی لیژنەی هاوبەش، كە لەم دواییانەدا لە بەغداد بەڕێوەچو رونكردەوە و ئاماژەی بە پێویستی بەهێزكردنی هاریكاری كرد لە بواری تەكنۆلۆژیا و بە دیجیتاڵكردنی كەرتی ئابوری و خزمەتگوزارییەكانی دیكەی دیجیتاڵی و حكومەتداری.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە سەرۆك كۆمار دوپاتیكردەوە: ئێستا عیراق خاوەنی سەقامگیرییەكی بەرچاوی ئەمنی و سیاسی و ئابورییە و ژینگەیەكی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان لە زۆر بواردا، بەتایبەتی سەبارەت بە پەرەپێدان و نۆژەنكردنەوەی ژێرخانەكەی، سەرەڕای ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاریكاری لە كەرتی گەشتیاری و ژینگەیی، ئاماژەی بەوەشكرد: كە عیراق پێشوازی لە بەشداری كۆمپانیا ئەرمەنییەكان دەكات لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانی گەشەپێدان لە بوارە جیاوازەكاندا.
هاوكات سەرۆك كۆمار پێشوازی گەرمی خاچاتوریان-ی بەرزنرخاند و بانگهێشتێكی رەسمی ئاراستەی سەرۆك كۆماری ئەرمینیا كرد بۆ سەردانی بەغداد لە ساڵی 2024دا، و لەلایەن سەرۆكی ئەرمینیاوە قبوڵكرا.
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەرمینیا شانازیی خۆی بە سەردانەكەی سەرۆك كۆمار بۆ ئەرمینیا دەربڕی، كە كاردانەوەی ئەرێنی لەسەر سروشتی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت و ئاماژەی بەوەدا، كە سەردانێكی مێژووییە بەوپێیەی یەكەم سەردانە لەلایەن سەرۆكێكی عیراقەوە ئەنجامدەدرێت.
سەرۆك كۆماری ئەرمینیا هەروەها ستایشی رۆڵی سەرەكی عیراقی كرد لە بەرقەراركردنی سەقامگیری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانیكردنی لە چارەسەری ئاشتیانەی قەیران و كێشەكانی جیهان.
دواتر هەردوو سەرۆك سەرۆكایەتیی كۆبونەوەیەكی فراوانی نێوان هەردوو وەفدیان كردو تیایدا تاووتوێی ئیمزاكردنی رێككەوتننامە و یاداشتەكانی لێكتێگەیشتنیان لە چەند بوارێكدا كرد، كە بەرژەوەندی باڵای هەردوو وڵات و گەلی دۆست بەدەستبهێنێت.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: كە لە كۆبوونەوە فراوانەكەدا باس لە زۆر كەرتی هاوبەشی نێوان هەردوولا كرا، وەك پێویستیی گەشەپێدانی گەشتە ئاسمانیەكانی نێوان بەغداد و یەریڤان، هەروەها لە نێوان هەولێر و یەریڤانیشدا، كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادكردنی هاتوچۆی گەشتیاران بۆ هەردوو وڵات و بەهێزكردنی پەیوەندی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی نێوان هەردوو گەلی دۆست.
هەر لە كۆبونەوەكەدا پەیوەندییە شارستانی و مێژوویی و كولتوورییە زۆرەكانی نێوان گەلانی عیراق و ئەرمینیا تاووتوێ كرا، كە بە دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لە ڕێگەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسییەوە لەسەرئاستی باڵیۆز لە هەردوولا پتەوتر كراون.
هەروەها جەخت لەسەر گرنگی سەردانە رەسمییەكەی ئێستای سەرۆك كۆمار بۆ كۆماری ئەرمینیا كرا لەڕووی چەسپاندنی پەیوەندییە سیاسییەكان و فراوانكردنی ئاڵوگۆڕی نێوان عیراق و ئەرمینیا و چالاككردنی كاری لیژنەی دۆستایەتی لە پەرلەمانی عیراق و ئەرمینیا بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی لە هەردوو وڵات و چەسپاندنی پەیوەندییە پەرلەمانییەكان، هەروەها هاوكاری بازرگانی و ئابووری و جێگیركردنی ئاشتی و سەقامگیری لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.
هەر لە دیدارەكەدا باس لەڕێگاكانی فراوانكردنی دەرفەتی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات لە بوارەكانی وەبەرهێنان و وزە و تەكنەلۆجیا و ئاسانكاری بۆ هاتنە ناوەوەی كۆمپانیا و بازرگانان و هەروەها پاڵپشتیكردنی كەرتی گەشتیاری كرا.
لەلایەكی دیكەوە جەخت لەسەر گرنگی هەوڵە هاوبەشەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بە هەموو شێوە و دەركەوتەكانیەوە كرایەوە، هەروەها پێویستی پابەندبوون بە دامەزراندنی سیستەمێكی نێودەوڵەتی گشتگیر و یەكسان و نوێنەرایەتی بە پێی بنەما و ئامانجەكانی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و دیموكراسی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلان و گروپە نەتەوەیی و ئایینییەكان، دوپاتكرایەوە.
هەروەك لە كۆبوونەوەكەدا تیشكخرایەسەر ئیمزاكردنی پرۆتۆكۆلی نێوان هەردوو وڵات لە میانی دانیشتنی سێیەمی لیژنەی هاوبەشی حكومەتی عیراق و ئەرمینیا بۆ هاریكاری ئابووری، كە لە 12 تا 13ی ئەیلولی 2023 لە بەغداد بەڕێوەچوو، كە ئامانج لێی بەرزكردنەوەی ئاستی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتە.
هەروەها بانگەشەی پێویستی هەمەچەشنكردنی پەیوەندی بازرگانی و درێژەدان بە گەشەكردنی وردە وردەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و چڕكردنەوەی گفتوگۆی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هاوكاری لە بوارە جیاوازەكانی بەرهەمهێنان، بە جێبەجێكردن و چالاككردنی میكانیزمەكانی هاندانەكانی حكومەت، دوپاتكرایەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر ڕێگاكانی پەرەپێدانی تۆڕە هاوبەشەكانی وزە، گواستنەوە، خزمەتگوزاری لۆجستی و پەیوەندییەكان، لەوانە پەرەپێدانی بەرنامە لە بوارەكانی وزەی نوێبووەوە و دوبارە، لەسەر بنەمای بنەماكانی ئاسایشی وزە و سەربەخۆیی، گرنگیدان بە سروشت و گەشەپێدانی بەردەوام لە هەردوو وڵات، پێویستی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری لە بواری پلاندانانی تەلارسازی و ناساندنی نوێترین تەكنەلۆژیا لە بواری بیناسازی و پاشەكەوتكردنی وزەی مۆدێرن و روبەری سەوزایی، گەشەپێدانی ژێرخانی پێشكەوتوو لە بواری بیناسازی شارستانیدا.
پەرەپێدانی هاوكاری لە بواری تەكنەلۆجیا لەنێوان هەردوو وڵاتدا جەختی لێكرایەوە، بەتایبەتی لە بوارەكانی دیجیتاڵكردن، جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكان، پەرەپێدانی زیرەكی دەستكرد، بەرنامەی هاوبەشی پەروەردەیی تەكنەلۆژی، جگە لە قووڵكردنەوەی هاریكارییەكان لە بوارەكاندا لە پەروەردە، ڕۆشنبیری، وەرزش، كاروباری گەنجان، گەشتیاری، تەندروستی، كار، پرسە كۆمەڵایەتییەكان، و پاراستنی ژینگە، و هاندانی پەیوەندییەكانی نێوان زانكۆكان، ناوەندە زانستی و توێژینەوەكان و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەكان لە هەردوو وڵات، هەروەها ئاسانكاری بۆ بەڕێوەبردن لە كۆنفڕانس و وۆرك شۆپ و پێشانگا و بۆنە و چالاكییەكانی دیكە كە ئامانجیان پەرەپێدانی هاوكارییە لە بوارەكانی زانست و پەروەردە و سیاسەتی گەنجان.
بە ئاماژەدان بە پێویستی قوڵكردنەوەی هاوكاری لە بوارەكانی پاراستنی كەلتوری دەوڵەمەندی مێژوویی و كولتووری هەردوو وڵات و جێبەجێكردنی توێژینەوە شوێنەوارییەكان و بەرەنگاربوونەوەی هەناردەكردن و هاوردەكردن و فرۆشتنی نایاسایی كەلوپەلی كۆن و شوێنەواری و هاوكاری لە چوارچێوەی یونسكۆ، كۆڕبەندی كەلتوری شارستانیەت و پلاتفۆرمە فرەلایەنەكانی تر.
جگە لە گرنگی هاوكاری لە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەكان و بەرەوپێشبردنی بەها دیموكراسیەكان و لێبوردەیی بە گرتنەبەری هەنگاوەكان بۆ قوڵكردنەوەی پەیوەندییە مێژوویی و كولتوورییەكانی هەنووكەیی نێوان مەزهەبە ئایینییە جیاوازەكانی ئەو دوو وڵاتە، هەروەها بەرەوپێشبردنی دیالۆگ لەنێوان ئایین و مەزهەبەكاندا.
هەروەها باس لە پرسە هەنووكەییەكانی بەرژەوەندی هاوبەش سەبارەت بە هاوكاری لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان كرا.