ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەكی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی پەسەند دەكات

سیاسی
  • 22-11-2023, 17:18
  • +A -A

    هەولێر - INA


    ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەكی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی پەسەند كرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
    ئاشكراشیكرد: لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، سیراج بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە میلاكی گشتی و هێزی كاری كەرتی گشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ژمارە و داتا و زانیاریی ورد لەسەر ئەم بابەتە و پێشنیار و چارەسەری پێویستی خستەڕوو، بە مەبەستی بە دامەزراوەییكردنی پرۆسەی دامەزراندن لە كەرتی گشتی، بە ڕەچاوكردنی پەیكەری كارگێڕی و بەڕێوەبردنی پێكهاتەی وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێم.
    لەمبارەیەوە پێشنیارو ڕاسپاردەی پێویستی بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكات و وەزیفەی گشتی بە شێوەیەكی زانستی لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان پێشكەش كرد كە كاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر كەرتی وەزیفەی گشتی، دواتر لە نێو ڕاپۆرتەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ئەنجامی پڕۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە میلاكی گشتی و ئاماژەیدا بەوە دا كە سەرجەم خشتە و زانیاری و ژمارەكان خراونەتە بەردەم تیمی هاوبەشی وردبینی و لە ئەنجامدا دوای وردبینی، خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشكەش بەهەردوو حكومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم كرا كە هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی دابینكردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران.
    هەر لە راگەنراوەكەدا هاتووە، كە دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی ڕاپۆرتەكە، ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەكی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی پەسەند كرد لەپێناوی بە دامەزراوەییكردنی زیاتری كەرتی وەزیفەی گشتی و هێزی كار لە دامەزراوەكانی هەرێم، هەروەها سەرجەم وەزارەتەكانیش ڕاسپێردران كە هاوكاری ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی بكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی پەسەندكران، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچووونیش ڕاسپێردرا بۆ ڕەخساندنی هەماهەنگی بۆ ئەم مەبەستە.
    لە بڕگەیەكی دیكەی كارنامەكە، گفتوگۆ لەبارەی جێبەجێكردنی چەند ماددە و بڕگەیەكی دیكەی یاسای چاكسازی كرا تایبەت بە بواری خانەنشینی كە لەلایەن عەبدولحەكیم خەسرەو سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی خرایەڕوو.
    ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتكردنەوەی گرنگیی بەردەوامیدان بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە پرۆسەیەكی ستراتیژیی بەردەوامە بە ئاراستەی ڕێكخستنەوەی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی لە هەرێم لە ڕێگەی بەرجەستەكردنی دادپەروەری و شایستەبوون لە سوودمەندی لە بوودجەی گشتی، لە هەمان كاتدا، ئەنجومەن جەختی لە گرنگیی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە كردەوە كە ئامانج لێی داكۆكیكردنە لە مافەكانی مووچەخۆری شایستە كە پێویستە مافیان پارێزراو بێت.