دهۆك.. کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست MEPS به‌ئاماده‌بوونی به‌رپرسان وژماره‌ك له‌توێژه‌ران دەستیپێكرد

سیاسی
  • 20-11-2023, 10:16
  • +A -A

    دهۆك ـ INA
    ئەمرۆ دووشەممە، له‌کاتژمێر 9:00، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە MEPS سەر بە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستی به‌كاره‌كانی كرد.
     لە دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە لەم ساتەوەختە دا و گوتی ئەو ئەجێندایەی لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دانراوە، بریتین لەو کێشانەی ڕۆژانە ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە. بابەتەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، توندڕەویی و پاڵنەرەکانی و درێژە پێدان وبەردەوامیی سەرچاوە سرووشتییەکان و سیستمەکانی بەرێوەبردن، هەموو ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. پێشبینی ئەوەش دەکەم هەندێک لەو گفتوگۆیانەی دەکرێن زانیاری و بەرچاوڕوونیيان تێدا بێت لەبارەی بڕیاردان و بژاردە سیاسیيەکان. 

    هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند" ئێستا کاتی ئەوە نیە خۆمان لە بەرپرسیارێتی بدزینەوە یان دەستەوەستان بین و خۆمان لە کێشەکان بەدوور بگرین. پێویستە لەپێناو بەرژەوەندیى گشتی کار بکەین، پێش هەموو شتێک وەک هاووڵاتی، بەڵام بە ڕەهەندێکی جیهانی. لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە، خۆبەستنەوە بەو هەستەی، لەکوێ دەژین، لێكه‌وته‌ى خراپی دەبێت لەسەرمان. کوردستان ناتوانێت بۆ نموونە لە دەرئەنجامەکانی گەرمبوونی کوەیت هەڵبێت. بەحرەین و بەسڕە، نەک تەنیا لەڕێگەی دەریاوە بەڵکوو، بە چارەنووسێکی هاوبەشی کەشوهەواشەوە پێکەوە بەستراونەتەوە. 
    هەموومان لە دەستپێکردنەوەی توندوتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست شۆک بووین. چارەسەرنەکردنی ناکۆکییەکی دەیان ساڵە و لە قاڵبدانیشی بەهەمان شێوە کێشەیە. بۆ نموونە 30 ساڵە چارەسەریی دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیلیيەکان وەک پێویستی و مۆدێلێک دەبینرێت. کوردیش بەهەمان شێوە داوای هەمان ماف و شکۆمەندییان کرد، بەڵام هێشتا دۆزی ئێمە پشتگوێ خراوە. چۆن پشتگیرییەکی زۆر لە دۆزی کەسێک دەکەیت و لەبەرانبەر دۆزی ئەوانی دیکەدا، خۆت بێدەنگ دەکەیت؟ ئێستا کاتی ئەوەیە کاری باشتر بکەین. کێشە چارەسەرنەکراوەکان پێویستیيان بە وەڵامی بوێرانەیە. ئێستا کە جیهان بەدوای چارەسەرێکی هەمیشەییدا دەگەڕێت بۆ دۆزی فەلەستین، منیش داوای ڕێگەیەکی نوێ دەکەم، بۆئەوەی بزانین ئێمەی کوردستانی، چۆن بتوانین لەگەڵ دراوسێکانمان بەیەکەوە بژین.