بەغداد/INA
ئەمڕۆ یەکشەممە"محەممەد شیاع سودانی" سەرۆکوەزیران،جەختی لە گرنگی وەبەرهێنان کردەوە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا، هاوکات ئاماژەی بە کارکردن بۆ پەرەپێدانی کەرتی کارەبا و بەرنامە و پلانی پڕۆژەکانی وزەی یەکگرتوو کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران،لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاندووە:- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ "محەممەد شیاع سودانی" سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئاسایی کرد بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەکانی وەزارەتی نەوت،و جێبەجێکردنی پلانەکانی وەزارەت کە ئامادەکراون بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت لە عێراق،کە بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت و ستافی باڵای وەزارەت و ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری نەوت و وزە بەڕێوەچووە.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە :- لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پڕۆژەکان کرا لە کەرتی دەرهێنان و دابەشکردن و هەناردەکردن و پڕۆژەکانی غاز و پاڵاوگە و ڕێژەی تەواوبوون و دیارترین کێشەکانی بەردەم جێبەجێکردنیان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، ئەمە جگە لەوەی تاوتوێی ئەو دەرفەتە وەبەرهێنانانە کرا کە وەزارەت لە ساڵی 2023 ڕایدەگەیەنێت.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە :- لە میانی کۆبوونەوەکەدا"سودانی" پێداچوونەوەی بە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە کرد کە لە نێوان وەزارەتی نەوت لە حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدراون، بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی دووبارە- هەناردەکردنەوەی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە"سودانی" جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە ئەم کەرتە گرنگە بە هەموو جومگەکانیەوە بەهێز بکرێت، چونکە پەیوەستە بە پلانەکانی دەوڵەت و گەشەپێدانی،هەروەک ئاماژەی بە گرنگی وەبەرهێنان کرد لە بەرزبوونەوەی ڕێژەیی نرخی نەوتی جیهانی و زیادکردنی داهات لە ڕێگەی وەبەرهێنانی نەوت و گازەوە.
سودانی ئەوەشی وتوە :- نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتە و حکومەت کاردەکات بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و کەرتەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە پیشەسازییە کیمیایی و پێترۆکیمیایی و پیتێنراوەکان بەگوێرەی بەرنامەی حکومەت، هەروەها پەرەپێدانی کەرتی کارەبا و کارکردن لەسەر بەرنامەو پلانی پرۆژەکانی وزەی یەکخراو.