بەغداد-INA
ئەمڕۆ شەممە،وەزارەتی کشتوکاڵ لایەنە ئەرێنییەکانی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ هەموارکردنەوەی بڕیاری گۆڕینی جۆری زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ نیشتەجێبوون ڕوونکردەوە،هاوکات سنوری ئەو ناوچانە ئاشکرادەکات کە دەیانگرێتەوە.
"عەلی شەمەری" بەڕێوەبەری بەشی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە وەزارەت،بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ئەنجوومەنی وەزیران لە حەوتی ئەم مانگە بڕیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشووی بۆ گۆڕینی جۆری زەوی لە کشتوکاڵی بۆ نیشتەجێبوون دەرکرد.
ئاماژەی بەوەشدا :- کە ئەو هەموارکردنە دوای ئەو تێبینیانە دێت کە لەلایەن پارێزگاکان و شارەوانییەکانەوە ئاراستە کراوە سەبارەت بە پێناسەکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، بۆیە دەستکاری کراوە بەو مانایەی کە کۆمەڵێک یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت کە لە کەرەستەی جێگیر دروستکراون.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ وتی :- لە هەموارکردنەکەدا هاتووە کە ئەو زەویانەی زیادەرۆیی کراوەتە سەر 100 دۆنمی، ئەوا 70 دۆنمەکەی دەبێتە شوێنی نیشتەجێبوون و 30 دۆنمیش دەبێت ڕێگاوبان و خزمەتگوزاری گشتی.
ڕوونیشیکردەوە:- بڕیاری 320 ڕوونە،بۆ هەموارکردنەوەی شێوازی شارەکان بۆ شێوازێک کە لەگەڵ واقیعی دۆخەکەی بگونجێت.
ووتیشی :- ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەپێی قەبارەی ڕووبەرەکە دیاری دەکرێت، بەو پێیەی تا زیاتر زیاد بکات ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون وردە وردە زیاد دەکات.
ئاشکراشیکرد :- کە 81 هەزار دۆنم دەخرێتە ناو بڕیاری گۆڕینی جۆری زەوی لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون،هەروەک ژمارەیەکی کەم زەوی هەیە کە پێشتر گۆڕدراون،بەڵام لە بڕیارەکەی حکومەتدا جێگیر نین،ئەوانیش تەنها لەسەدا 3ی ئەو 81 هەزار دۆنم پێکدەهێنن.