بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوە، پەیوەستبونی عێراقی بە بانكی ئەوروپی بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان راگەیاند.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: عێراق پەیوەندی بە بانكی ئەوروپا بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان (EBRD) كردووە، بەو پێیەی رێكارەكانی پەیوەستبوونی تەواوكردووە و ئێستا 74هەمین ئەندامی بانكەكەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد: پێشتر عێراق لە مانگی نیسانی 2018 داواكاریی بۆ پەیوەندیكردن بەو بانكە پێشكەشكردبوو، ئەنجومەنی پارێزگاریش لە مانگی تشرینی یەكەمی 2020دا رەزامەندی لەسەر ئەندامێتی ئەو بانكە دەربڕی.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتی: ئێستا پرۆسەی بوون بە ئەندامێكی بەشداربوو تەواو بووە و وەك خاوەن پشكێك عێراق دەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات بۆ ئەوەی سوود لەو پاڵپشتییە دارایی و سیاسییە وەربگرێت كە بانكی ئەوروپا بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان پێشكەشی دەكات.
بەپێی بەیاننامەكە، سەرۆكی بانكی ئەوروپا بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان، ئۆدیل ڕێنۆ باسۆ رایگەیاندووە: خۆشحاڵم بە پێشوازیكردنی عێراق وەك ئەندامێكی بانكی نێودەوڵەتی، ئێمە بەتەواوەتی پابەندین بە مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتەكەدا و ئێمە بە پەرۆشین بۆ دەستپێكردنی كار لە عێراق و جێبەجێكردنی شارەزاییەكانمان بۆ پەرەپێدانی ئابوورییەكەی.
هەروەها لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، ئەم دەستكەوتە لوتكەی هەوڵەكانی باڵیۆزخانەی كۆماری عێراق بوو لە لەندەن و هەوڵە بەردەوامەكانی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بانكەكە لە لەندەن و ئەگەری بەشداریكردنی بانكەكە لە پڕۆژەكانی ژێرخان لە عێراق لەوانە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.