بهغدا-INA
نووسینگهی ڕاگهیاندنی سهرۆكایهتی كۆمار لهراگهیهندراوێكدا كهبۆ ئاژانسی ههواڵی عێراقی ناردووه، راگهیاندووه" دکتۆر لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە بەڕێزان موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عیراق کرد، کە بەشداری لە کۆنفرانسی "رۆڵی راگەیاندن لە فراوانکردنی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن"دا کردبو لە سەرۆکایەتی کۆمار.
لە دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 15-11-2023 سەرۆک کۆمار باسی لەو پێشهاتانە کرد، کە وڵات بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەتی لەڕووی سەقامگیری ئەمنییەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت بە جددی کاردەکات بۆ بەهێزکردنی دۆخی ئابوری و باشترکردنی بارودۆخی ژیان و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان، بەتایبەتی لەڕووی ژێرخانی بنەڕەتی وەک رێگاوبان و پرد و نەخۆشخانە و فێرکردن.
لە میانی دیدارەکەدا، گرنگی چارەسەرکردنی پرسی ئاوارەکان لە وڵات و کاری جددی و بەپەلە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچە و ماڵەکانیان دوپاتکرایەوە. لەوبارەیەشەوە ئاماژەدرا بە گرنگی کاری رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان شانبەشانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە پسپۆڕەکانی حکومەت، هەروەک باس لە بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتییەکانی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران کرا بەتایبەتی لەبارەی رەشنوسی ئەو یاسایانەی پێشکەش بە ئەنجومەن دەکرێن، لەم نێوەندەدا جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دوپاتیکردەوە، کە ئەنجومەنی نوێنەران لەڕێگەی لیژنەکانییەوە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمار بەمەبەستی پەسندکردنی یاساکانی پەیوەست بە پێداویستییەکانی هاووڵاتیان.
لای خۆیەوە خاتوو جینین پلاسخارت پشتگیری بۆ دیدگای سەرۆک کۆمار دەربڕی، هەروەها رونکردنەوەیەکی بۆ بەڕێزیان دا سەبارەت بە چالاکی و بەرنامەکانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عیراق و پسپۆڕییەکانیان بە تایبەت لەبواری ئامادەکارییە هەنوکەییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.